کەس خۆی لەو هەشت منداڵە بە خاوەن ناکات

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

خانەی چاودێریی کۆمەڵایەتی هەولێر، درەنگانی شەوی رابردوو وێنەی هەشت منداڵی بڵاوکردووه‌تەوە و نووسیویەتی “دایکیان سوتاوە و کەس خۆی لە منداڵەکان نەکردووه‌تە ساحێب و لای ئێمەن”.

منداڵەکان پێنجیان کوڕ و سێیانیان کچن، بچووکترینان تەمەنی دوو ساڵە.

هەشت منداڵەکە لە خانەی چاودێری کۆمەڵایەتی

موئەیەد محەمەدئەمین، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی، بۆ تۆڕی 964 وتی “نازانین دایکی منداڵەکان خۆی سووتاندوە یان لە ئەنجامی سووتانی خانوەکەیان وای لێهاتووە، بەڵام لە نەخۆشخانە هەشت منداڵی لەگەڵ بوو، بێ شوێن و بێ کەس، بردمانن بۆ خانەی چاودێری و تا ئێستاش لەوێن”.

ئاشكراشی كرد، ئەو هەشت منداڵە لە دوو باوکن، شەشیان لە باوکێکە و دووانی دیكه‌ لە باوکێکی دیكه‌ن، بەڵام تا ئێستا کەس بۆ لە ئەستۆگرتنی منداڵەکان نەهاتووە “.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی 964 تەندروستی دایکی منداڵەکان ئێستا جێگیرە و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێرە و چارەسەر وەردەگرێت.

بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی هەولێر، كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ تۆڕی 964 وتی، رووداوه‌كه‌ له‌ ناوچەی گوێڕ روویداوه‌.

تۆڕی 964 پەیوەندی بە رائید خەلیل، ئێشکگری بنکەی پۆلیسی گوێڕ كرد، ئەو بێ ئاگایی خۆی لە هەبوونی رووداوێکی لەمجۆرە لە ناوچەکەیاندا دەربڕی.