چیرۆكی دوو مەلەوانی سۆران

200 تەرمیان دەرهێناوە و دڵیان لە ئاو شكاوە

964+
ئاکام غەفوور- سۆران

تیمی مەلەوانی بەرگریی شارستانیی سۆران لەگەڵ ئاو ژیان دەکەن، ئەوان بەردەوام ژیانیان لە مەترسیدایە، لە کاتێکدا بۆ رزگارکردنی گیانی گەشتیار و هاوڵاتیان لە ئیشکگریدان و کار بۆ دەرهێنانی تەرمی ئەو کەسانە دەکەن، کە دەخنکێن.

964 رۆژێک لەگەڵ تیمەکە و لە ناو رووبارەکان بوو لەگەڵیان، هاوشانی نیشاندانی سەختی کارەکەیان، چیڕۆکە سەرنجڕاکێش و نەبیستراوەکانی ئەو تیمە دەگیرێتەوە و کارمەندێکیان دەڵێت، “دڵی لە ئاو شکاوە”.

فەیزوڵا عەبدوڵا، 16 ساڵە کاری رزگارکردنی خەڵک و دەرهێنانی تەرمە و بۆ 964 دەڵێت، “کارەکەمان زۆر سەختە، لەو ماوەیەدا نزیکەی 200 تەرممان لە رووبارەکان دەرهێناوە و خۆم زیاتر لە 10 کەسم رزگار کردووە”، ئەو یەکێکە لە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکان دەگێڕێتەوە، کە چۆن دوای نزیکەی دوو کاتژمێر لە ونبوونی کەسێک لە رووباردا توانیویەتی بە زیندوویی رزگاری بکات.

ئەمین حوسێن، رێپێدراوێکی تیمەکەیە و زیاتر لە 12 ساڵە لە تیمی مەلەوانی بەرگریی شارستانیی سۆرانە، ئەو بە ئەوینەوە سەرقاڵ و ئیشکگری کارەکەیەتی و قسە بۆ 964 دەکات، “هەر کەسێک کە لە رووبارەکاندا خنکابێت وامزانیوە کەسوکاری خۆمە”.

ئەمیر بە دڵێکی پڕەوە قسە دەکات و دەڵێت، “هەموو چیرۆکەکانم لەلا ناخۆشن و دڵم لە رووبار و ئاو شکاوە، باوک منداڵی دەخنکێت، خوشک برای دەخنکێت، دایکە ئەولادی دەخنکێت”.

بەهۆی بوونی رووباری زۆر لە سنووری ئیدارەی سۆران، ساڵی رابردوو نۆ کەس لە ئاودا خنکاون، ئەمساڵ تا ئامادەکردنی ئەم فیچەرە، لە وەرزی گەشت و مەلەکردندا هەشت کەس خنکاون، کە پێنجیان منداڵن و سێ کەسی دیکەشیان پیاو بوون.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

"راهێنەری بێ بڕوانامە بۆی نییە لە مەلەوانگەکان کار بکات"