قایمقام چی وت؟

رێگای قوشتەپە – قەشقە تێكچووە و داوای چاككردنەوەی دەكرێت

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

رێگای نێوان قوشتەپە – گوندی قەشقە کە نزیکەی 25 کیلۆمەترە، بە قسەی چالاكوانێكی ژینگەیی، زۆر خراپ بووە و مەترسی رووداوی هاتوچۆی لێدەکرێت، قایمقامی قوشتەپەش دەڵێت، كاریان لەسەر كردووە و هەموو هەوڵێكی بۆ دەدەن.

هاوڕێ ساڵح چالاكوانی ژینگەیی لە ناوچەی قوشتەپە و دەوروبەری هەولێر، بە 964ی وت،  رێگای قوشتەپە بەرەو گوندی قەشقە، كە هاتوچۆی نزیکەی 20 گوندی لەسەرە، راستییەكەی زۆر خراپ بووە و مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست کردووە.
وتیشی، جگە لەو 20 گوندە، بەشێک لە هاوڵاتیان و جوتیارانی هەریەک لە ناحیەكانی سێگردکان و تەقتەق هاتوچۆیان لەسەر رێگاكەیە، بۆیە چاككردنی زۆر پێویستە.
لە بەرامبەردا ئەوەدا، بژار مەلاخدر قایمقامی قەزای قوشتەپە بە 964ی راگەیاند، راستە ئەو رێگایە و ژمارەیەك رێگای دیكە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە و چاككردن هەیە و كاریشیان بۆ كردووە.
وتیشی، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رێگاوبان و بەڕێوەبەرایەتیی چاككردنەوەی رێگاوبانەكان، هەروەها لەگەڵ بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە پەیوەندییمان كردووە و لەسەر خەتین، ئەوانیش لای خۆیان كەشف و بەدواداچوونیان بۆ كردووە، بەڵام هێشتا دیار نییە كەی كاری تێدا دەكرێت.
“زۆر رێگاوبان لە سنووری قوشتەپە و تەنانەت شوێنەكانی دیكەش پێویستیان بە چاككردنەوە هەیە، ئێمە هەوڵی خۆمان داوە و زیاتریش بەردەوام دەبین، تا ئەو كاتەی هەڵمەتی چاككردنەوەیان بۆ دەكرێت”، بژار مەلاخدر قایمقامی قوشتەپە وای وت.
قەزای قوشتەپە دەکەوێتە بەشی باشووری شاری هەولێر و سەر رێگای نێوان هەولێر بۆ کەرکوک، ژمارەی دانیشتووانەکەی 22 هەزار و 850 کەسن، 59 گوندی هەیە.

كێشەی كارەبای هەشت گوندی قوشتەپە چارەسەر دەكرێت

كێشەی كارەبای هەشت گوندی قوشتەپە چارەسەر دەكرێت