بۆ هه‌ر قۆناغێك ره‌نگێك

بڕیاری یه‌كپۆشی له‌ساڵى نوێى خوێندن جێبه‌جێ ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌پێی بڕیارێكی وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ بۆ ساڵى خوێندنى 2024 – 2025 یه‌كپۆشی قوتابیان و خوێندكاران له‌ناوه‌نده‌كانى خوێنى هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت.

بڕیاره‌كه‌ى وه‌زیری په‌روه‌رده‌ له‌ 3.7.2024 دراوه‌ و ته‌واوى ناوه‌نجده‌كانى خوێندیشی پابه‌ند كردووه‌ جێبه‌جێی بكه‌ن.

به‌پیچی بڕیاره‌كه‌ جلوبەرگی باخچەکانی منداڵان لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی بۆ کچان کراسی پەمەیی لەگەڵ تەنورە یان پانتۆڵی رەساسی، بۆ کوڕانیش پانتۆڵی رەساسی لەگەڵ کراسی سپی.

جلوبەرگی قۆناغی بنەڕەتی لە (1 تاوه‌كو 6) لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی بۆ کچان تەنورە یان پانتۆڵی رەساسی لەگەڵ کراسی سپی بۆ کوڕانیش پانتۆڵی رەساسی لەگەڵ کراسی سپی.

جلوبەرگی قۆناغی بنەڕەتی (7، 8،9) لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی بۆ کچان تەنورە یان پانتۆڵی نیلی لەگەڵ کراسی سپی، بۆ کوڕانیش پانتۆڵی نیلی لەگەڵ کراسی سپی.

جلوبەرگی قۆناغی ئامادەیی 10، 11، 12)ـى زانستی، وێژەیی، پیشەیی بۆ كچان تەنورە یان پانتۆڵی رەش لەگەڵ کراسی سپی بۆ کوڕانیش پانتۆڵی رەش لەگەڵ کراسی سپی.

جلوبەرگی قۆناغەکانی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی و دامەزراوەی هاوبەش و پشتیوانیکراوەکان، ئەو ناوەندانەی کە سستمی جلوبەرگی تایبەت بەخۆیان هەیە، ئازادن لە پەیڕەوکردنی سیستمی یەکپۆشی خۆیان.

هاوکات ئەوناوەندانەی کەسیستمی تایبەتیان نیە، هەمان سستمی یەکپۆشی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی پەیڕەو دەکەن.

وەزارەتی پەروەردە، بەخێوکار و سەرپەرشتیاری خوێندکاران ئازاد و سەرپشک كردووه‌، لە چۆنیەتی کڕین و دابینکردنی جلوبەرگی خوێندن.

ساڵى پار، وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بۆ ئه‌م بڕیاری یه‌كپۆشییه‌ ئاگادارى ناوه‌نده‌كانى خوێندنى كردبوو كه‌ بۆ جێبه‌جێێ كردنى بڕیاره‌كه‌ فشار لە قوتابیان مەکەن.

رۆژى 6.9.2023، وەزارەتی پەروەردە نوسراوێکی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە کرد و داوایان لێدەکات، لەکاتی پابەندنەبوونی قوتابی بە یەکپۆشی فشار نەخەنە سەر قوتابیان و ئاسانکاریان بۆ بکەن.