بڕیارەکەی تورکیا بۆ هەڵگرتنی ڤیزا لەسەر دوو تەمەنی جیاواز _ وێنە: LNDIGO
بەڕێوەبەرێک: وەک هەواڵ بیستوومانە
ژمارەیەک کۆمپانیا: لابردنی مەرجی ڤیزا بۆ تورکیا نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
دەنگوباس هەیە، تورکیا و عێراق رێککەوتوون کە مەرجی ڤیزا بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە و لە 50 ساڵ زیاترە هەڵبگرن، “بەبێ ئەوەی لە بەیانێکی رەسمیدا هیچ کام لە وڵاتەکان ئاماژەی پێ بکەن و رێکارەکان دیاری بکەن”.
ژمارەیەک پێگەی میدیای کوردی و عێراقی دەڵێن، “وەزارەتەکانى دەرەوەى عێراق و تورکیا لەسەر هەڵگرتنى مەرجی ڤیزا لەسەر هەندێک لە گەشتیاران بە گوێرەى تەمەنیان رێککەوتن بەشێوەیەک ئەوانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمترە و ئەوانەی تەمەنیان لە 50 ساڵ زیاترە، پێویستیان بە ڤیزا نابێت بۆ گەشتکردن”.
دوو رۆژە ئەم باسە گەرمە، بە گوێرەی سۆراغی 964 بێت لە ژمارەیەک کۆمپانیای گەشتیاری لە هەولێر و سلێمانی “تائێستا، هیچ کام لەو کۆمپانیایانە ئاگادار نەکراونەتەوە کە بڕیارێکی لەو جۆرە چووبێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و گەشتیارانی ئەو دوو تەمەنە پێویستیان بە ڤیزا نەبێت کاتێک لە کونسوڵخانە چاوپێکەوتنی گەشتەکانیان دەکەن”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.7.2024، تاژان محەمەد، بەڕێوەبەر لە کۆمپانیای کۆچ تراڤڵ بە 964ی وت، “ئەمڕۆ لە کۆمپانیاکەمان تاوتوێی هەمان بابەتمان کردووە، تائێستا نوسراو یان بەیانێکی رەسمیمان نەبینیوە، وە کردارییەن بڕیارێکی لەو جۆرە نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە”.
ئەو زیاتر بابەتەکە لە چوارجێوەی هەواڵێکدا دەبینێ و وتی، “تا مانگی نۆی ئەمساڵ ئەوانەی زیاتر لە هەرێمی کوردستانەوە، لە هەردوو فرۆکەخانەی هەولێر و کەرکوک، یان بە رێگای وشکانی دەچنە تورکیا زۆرینەی بۆ گەشتیارییە، کەمێک لە گەشتەکانیش بۆ نەخۆشی و مەبەستی بازرگانی دەچنە ئەو وڵاتە”.
ئێستا نرخی ڤیزای تورکیا لەنێوان 135 دۆلار بۆ 185 دۆلارە، ئەگەری ئەوە بەهێزە لە جێگەی ناوەندەکانی پێدانی ڤیزا و کونسوڵگەریی، کۆمپانیاکانی گەشتیاری ببەنەوە بە ناوەندی پێدانی ڤیزا بۆ وڵاتی تورکیا، ئەوەش پاش بە گەڕخستنەوەی سیستمی ئەلیکترۆنی.