مەڕەکەی خۆمان زۆر داوا دەکرێت و خەڵک حەزیان لێیەتی

ئەم چل رۆژە ئاگاتان لە نرخی گۆشتی سوور بێت

+964

ژووری هەواڵ

وابڕوات مەزەندە دەکرێت چەند رۆژی داهاتوو نرخی گۆشت لای خۆمان گرانتر بێت، چونکە ئەم ماوەیە بە بۆنەی عاشوراوە ماڵاتی خۆمان زۆر دەبرێن بۆ بەسرە و نەجەف و کەربەلا و لەوێ خەڵکەکە حەزیان لێیەتی.

پەیامنێری 964 لە شاری خور زوبێری خۆرئاوای بەسرە چووتە لای گۆشتفرۆشەکان و پرسیاری نرخی گۆشتی لێکردوون. پێیان وتووە لەگەڵ دەستپێکردنی مانگی موحەرەم و بەڕێکەوتنی کاروانی حوسەینییەکانەوە هەر مەڕێک نزیکەی 75 هەزار دیناری چووتەسەر، گۆشتفرۆشەکانیش هەر کیلۆیەکی دوو هەزار دیناریان خستووەتە سەر.

محەمەد ناجی، کە کاری فرۆشتنی مەڕوماڵاتە بە 964ی وت، ”رێورەسمی حوسەینییە بۆ خەڵک زۆر گرنگە و ناتوانین حیسابی پارەی لەگەڵ بکەین، بۆیە ساڵانە 50 هەزار دینار لە نرخی هەر ماڵاتێک کەم دەکەینەوە بۆ ئەو کەسانەی کەمدەرامەتن و دەیانەوێت گۆشت بکڕن و بیکەن بەخێر، لەگەڵ ئەوەشدا بازاڕەکە خۆی دەسەپێنێت و ئێمە ناتوانین نرخەکەی کۆنترۆڵ بکەین”.

ئێستا نرخی مەڕ بەم شێوەیەی لێهاتووە:
مەڕی 15 کیلۆیی بەسرە (350 بۆ 400) هەزار دینار.
مەڕی ئێرانی (300) هەزار دینار.
مەڕی کوردستان (550) هەزار دینار.

دۆلار بەرزە و گۆشتى بەرخیش بە 23 هەزارە

دۆلار بەرزە و گۆشتى بەرخیش بە 23 هەزارە

هەموو ئەو ئاژەڵفرۆش و گۆشتفرۆشانەی پەیامنێری 964 بینینی دەیانوت راستە مەڕی ئێرانی هەرزانترە، بەڵام خەڵک حەزی لەوە کوردستانە، چونکە دەڵێن ئەوە بەتامترە، یەکێکیان وتی ”راستە مەڕی کوردستان نرخی گرانە، بەڵام خەڵک زۆر داوای دەکەن، لەبەر ئەوەی تامی خۆشترەو چەوری کەمترە، لەوێ لەوەڕیان باشترەو لەبەر ئەوەش کوالێتییان باشەو زۆریش دەست ناکەوێت”.

موهەنەد عەبدولزەهرەی گۆشتفرۆش بە 964ی وت ”پێش هەفتەیەک نرخی یەک کیلۆ گۆشتی گۆلک بە ئێسکەوە 13 هەزار دینار بوو، ئێستا بووە بە 15 هەزارو گۆشتی نەرمەش بووە بە 17 هەزار دینار”.

دەشڵێ ئەوان لای خۆیانەوە بڕیاریانداوە بۆ هەر خێزانێکی کەمدەرامەت هەزار دینار لە نرخەکەی بکەنەوە، بۆ کەسێکیش ئەگەر زۆر بکڕێت، ئەوا بە 12 هەزار پێی دەفرۆشن، ”قەینا زەرەر دەکەین، بەڵام باشییەکەی ئەوەیە ئێمەش بەشدارین لە خێرەکە”.

لای خۆمان ئێستا نرخی کیلۆیەک مەڕی زیندە قەپان، واتە بە زیندوویی نزیکە لە هەشت هەزار دینار، مەزەندە دەکرێت بەهۆی عاشوراوە مەڕوماڵاتی زۆر بچێت بۆ خوارووی عێراق و بەوەش نرخەکەی شتێکی بچێتە سەر.