چەندجارێک دەستگیرکراوە
ژنێک بە ستوونەکانی کارەبادا سەردەکەوێت و وایەرەکانی دەبڕێت
پەری ساڵح
ژنێکی نەجەفی کێشەی لەگەڵ کارەبا هەیە و بە رۆژی رووناک بە عەبا و دەمامکی رەشەوە بەسەر ستوونەکاندا سەردەکەوێت و وایەرەکانی دەبڕێت.
لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆی ژنێکی نەجەفی بڵاوبووەتەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت بە خۆی عەبا و سەرپۆش و دەمامکە رەشەکەیەوە بە کۆڵان و شەقامەکاندا دەسووڕێتەوە و بەسەر ستوونەکانی کارەبادا سەردەکەوێت و وایەرەکانی دەبڕێت بە بەرچاوی هەمووانەوە.
یاسر محەمەد یەکێکە لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە تایبەت بە 964 وتی، “ئەم ژنە ناناسین و نەخۆشی دەروونی هەیە و پێش چەند رۆژێک بەهەمان شێوە کارەبای دوکانەکەی منی بڕی و پەیوەندیمان بە پۆلیسەوە کرد”.
وەک یاسر باسی دەکات، ژنەکە یەکەمجاری نییە ئەم کارە دەکات و پێشتریش پۆلیس دەستگیری کردووە و چەند رۆژێکە و ئازاد دەکرێت، هەندێک جار منداڵێکیشی لەگەڵدایە و پێکەوە بە شەقام و کۆڵانەکاندا دەسوڕێنەوە و بەشێوەیەکی ناژیرانە رەفتار دەکات.