مەرج هەیە
پێشمەرگەی كوردستان لە بەغدا خول و راهێنان دەكەن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا داوا لە یەكە و فەرماندەییەكانی سەر بە وەزارەتەكەی دەكات ناوی كاندیدەكانیان بۆ بنێرن بە مەبەستی بەشداریكردن لە خولی راهێنان لە كۆلیژی ئەركان لە بەغدا.
وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ دووشەممە 8.7.2024 راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، “سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە بانگەوازێکدا، داوا لە هێزەکانی (70و80)ی پێشمەرگە و گشت بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، فەرماندەیی زێرەڤانی، بەرگری و فریاکەوتن، کۆلێژی ئەرکان، فیرقەکانی (1.2.3.4) و لیواكانی پیادە، بنکەکانی مەشقی (سلێمانی- کەرکوک- دهۆک) دەكات ناوی کاندیدەکانیان بۆ رەوانە بکەن بۆ بەشداریکردن لە خولی 85ی کولێژی ئەرکان لە بەغداد.
وەزارەتەكە دەڵێت، دوا رێكەوت بۆ وەرگرتنی ناوی کاندیدەكان 15.7.2024ـە.
هەروەها مەرجەكانی پێشكەشكردنی كاندیدەكانیش ئەمانەن:
1- بەکالۆریۆسی هەبێت لەزانستی سەربازی
2- خولی سەرکردایەتی تەواوکردبێت
3- تەمەنی لە 38 ساڵ زیاتر نەبێت
4- پلەی سەربازی نەقیب یان رائید بێت
5- زمانی عەرەبی بزانێت.