سلێمانی
شارەوانی زەوی ئامادە دەکات بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا
+964
دیلان محەمەد – سلێمانی
شارەوانیی سلێمانی نزیکەی 15 هەزار دۆنم زەوی ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکانیان تەواو ببێت و بەسەر فەرمانبەراندا دابەشی بکات.
زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964 وت، لە شارەوانیی سلێمانی پرۆسەی جیاکردنەوەی زەوی و دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران بەردەوامە، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە شارەوانییەکان راسپێردراون.
باسی لەوەش کرد، لە سلێمانی نزیکەی 15 هەزار دۆنم زەوییان ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی بتوانرێت رێکارە یاساییەکانی بۆ بکرێت و رۆتینەكانی دابەشكردنی زەوی كەمبكرێتەوە و دواتر دابەش بكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، كار دەكەن بۆ ئەوەی ئەگەر زەوییەکان موڵکی شارەوانی نەبن، بکرێن بە موڵکی شارەوانی و رێکارە یاساییەکانی بۆ جێبەجێ بکرێت و بە زووترین کات کارەکانی تەواو بکرێن.
زەردەشت رەفیق دەڵێت: “ئەو بڕیارە تایبەتە بە فەرمانبەران و هەر بەڕێوەبەرایەتییەک خۆی بەپێی یاسا و رێنماییەکان زەوی بەسەر فەرمانبەرەکاندا دابەش دەکات”.
لە لایەكی دیكەوە وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئاشكرای كرد، لە هەوڵی ئەوەدان بۆ مانگی هەشت یەکتربڕی فاروق بکرێتەوە هاوشێوەی یەکتر بڕی ئارام، كە ئەمڕۆ كرایەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا