"سوپای توركیا هاتووە"

گوندی دێمکا چۆڵ كرا و دانیشتووانەكەی ماڵ و حاڵیان جێهێشت

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 7.7.2024 دانیشتووانی گوندی دێمکا بەهۆی هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکەیان، گوند وماڵەکانیان چوڵ کرد وبەرەو ناحیەی بێگوڤا وقەزای باتیفا رۆیشتن.

گوندی دێمکا دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سەر بە قەزای باتیفایە ونزیکەی 30 خولەک لە قەزاکە دوورە، 12 ماڵ ونزیکەی 20 خێزان تێیدا دەژین.

حەجی ستار، موختاری گوندەکە بە 964 وتی، “ناسەقامگیریی ناوچەکە ناچاری کردین پێکەوە گوندەکە چوڵ بکەین وتەنیا ژن وپیاوێک ماونەتەوە، ئەویش لەبەر ئەوەی هاوسەری پیاوەکە نەخۆشە بۆیە نەیانتوانی دەربچن”.

موختار وتیشی، “هیچ داوایەکمان نییە چونکە داواکارییەكانمان شوێنی خۆی ناگرێت، ئەگەر شتێک بكرایە پێشتر گوندەکانی دیكەش چوڵیان نەدەكرد”.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە قەزای باتیفا، كە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، تایبەت بە 964ی وت، “ناتوانین بڵێین مەترسی نییە، چونکە پێشتر کۆمەڵگەی نێشتەجێبوون وسەنتەری قەزا وپارێزگاکانیش تۆپباران کراون، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بەم شێوەیەش نییە کە خەڵک تێگەیشتوونە وشوێنەکانیان چوڵ کردووە”.

تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT) ى ئەمریکی پێشتر زانیاریی ئەوەیان بە 964 دا، كە لە 15.6.2024ەوە سوپاى تورکیا ئۆپەراسیۆنێکى نوێى بۆ سەر خاکى هەرێم دەستپێکردووە.

و بە قوڵاى 30 بۆ 35 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە و71 بنکە وبارەگاى سەربازیان کردووەتەوە ولە چەند سنوورێكی جیاجیاوە لەگەڵ گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) شەڕ دەكەن، بەڵام ئەم شەڕە زەرەر وزیانی بە گوندنشینان ودانیشتووانی چەندین ناوچەی جیاجیا گەیاندووە وبە دەیان دۆنم رەز وباخ وبەرهەمی جوتیاران سووتاون وبە دەیان گوندیش ناوچەكانیان جێهێشتووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

سوپاى تورکیا بە قوڵاى 30 بۆ 35 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکى...

سوپاى تورکیا بە قوڵاى 30 بۆ 35 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە