"خێزانەکان دێن بۆ کڕینی"

گەڵامێوی تەق تەق تەنیا لە عەلوەی شارەکە هەرزانە

964+

ئەحمەد مستەفا

گەڵامێوی باخە جوتیارەکانی ناحیەی تەق تەق، لە عەلوەی شارەکە یەک کیلۆی بە 3 هەزار دینار و بە نرخی کۆ دەفرۆشرێ.

رەنگێکی سەوز و ئاڵ، دەیان کیلۆی لێ بردراوەتە عەلوەی شارەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 7.7.2024، سیروان عەبدوڵا، فرۆشیار بە نرخی کۆ بە 964ی وت، “ئەو نرخە گونجاوە بۆ دۆخی عەلوە، لە نێوان سێ هەزار بۆ چوار هەزار دینار یەک کیلۆی دەفرۆشرێ، بەڵام تا دەگاتە دەستی خەڵکی دووقات نرخەکەی دەچێتە سەر”.

ئەو وتی، “ژمارەیەک لەو هاوڵاتیانەی کە دەیانەوێت بە نرخێکی کەمتر گەڵامێویان دەستبکەوێت، روو لە عەلوەی شارەکە دەکەن و چەند کیلۆیەک بۆ ژمارەیەک خێزان بە نرخی کۆ دەکڕن”.

لە دەرەوەی عەلوەی شارەکە گەڵامێو بە شەش هەزار دینار و هەشت هەزار دینار دەفرۆشرێ، ئەوەش بۆ ئەو خێزانانەی بڕێکی کەم گەڵامێویان بۆ ژەمێک دەوێت، گرانتر لەسەریان هەژماردەکرێ.

ئەو فرۆشیارە بەرزی نرخەکەی لە بازاڕەکان و فرۆشگا و مارکێتەکان بۆ ئەوە گەڕاندەوە، “کە گەڵامێو خواستی لەسەرە و وەرزی پێگەشتنی بەرەو کۆتایی دەچێت”.

 دیمەنی گەڵامێوی پێگەیشتوو لە تەق تەق؛