16 کەس بەشدارن
لە گوندی گامێش تەپە خوێندنی ئەلفوبێی کوردی دەستیپێکرد
964+
ئەحمەد مستەفا
گوندی گامێش تەپە لە سەیدسادق، چەند رۆژێکە ئەنجومەنەکەی دەستیکردووە بە ناونوسینی ئەو کەسانەی خوێندەوارییان نییە، تائێستا 16 کەس چوون تا فێری خوێندنەوە و نوسین ببن.
ژمارەیەک چالاکوان و مامۆستای گوندەکە بە کارەکە هەستاون، ئەمڕۆ خولێ فێربوونەکەیان دەستپێکرد، ئەوانەی بەشدارن سێ پیاو و 13 ژنن.
وا بڕیارە بە درێژایی هاوینی ئەمساڵ لە خولەکە بەردەوام بن، یەکەم وانە خوێندنی ئەمڕۆشیان بە وانەی ئەلفوبێ دەستیپێکرد، نزار محەمەد، لە ئەنجومەنی گوندەکەیە بە 964ی وت، “دانیشتووانی گوندە حەزیان بۆ نوسین و خوێندنەوە هەیە و ویستمان بەم هەنگاوە، ئەوانەشی نەخوێندەوارن تا رادەی پێویست ئاستیان بەرەوپێش بەرین”.
بڕیاریان وایە، جگە لە خەڵکی گوند، خەڵکی دەرەوەی گوندەکەش وەربگرن، تائێستا یەک مامۆستای ژن ئامادەیە خۆبەخشانە وانەکان بڵێتەوە.
ئەوان لە هۆڵی بۆنەکانی گوندەکە، وانەکان دەڵێنەوە، ئەو ئەندامی ئەنجومەنی گوندی گامێش تەپە ئەوەشی وت، “رێگەیان پێ نەداون لە قوتابخانەی گوندەکە وانەکان بڵێنەوە”، باسیلەوەشکرد، “رۆژانە کاتژمێر 8:00 خولی نەخوێندەوای بۆ گەورەکان و کاتژمێر 10:00 خولی بەهێزکردنی منداڵ بەڕێوەدەبەن”.
دیمەنی ئامادەکاری و دەستپێکردنی خولەکە: