تا کاتژمێر 11:59 خولەک
بۆ جارى سێیەم ماوەى دەنگدانى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئێران درێژکرایەوە
964+
وریا فەتاح
بۆ جارى سێیەم لەمڕۆدا، ماوەى دەنگدان بۆ هەڵبژادنى سەرۆکایەتى ئێران تا کاتژمێر 11:59 خولەکى نیوەشەو درێژکرایەوە.
ئاژانسى هەواڵى مێهرى ئێرانى بڵاوى کردەوە، بەهۆى بەشدارى دەنگدەران، پڕۆسەى دەنگدان تا کاتژمێر 12:00ـى نیوەشەو بەردەوام دەبێت.
ئەمە جارى سێیەمە لەمڕۆدا کە کاتى دەنگدان لە هەڵبژاردنەکەدا درێژ دەکرێتەوە، جارى یەکەم دوو کاتژمێر و تا 8:00ـى ئێوارە بە کاتى تاران و دواتریش بۆ کاتژمێر 10:00 و دواتریش تا کاتژمێر 12:00ـى شەو واتا 11:30 خولەک بە کاتى هەولێر، درێژکراوەتەوە.
هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئێران لە خولى دووەمدایە ئەوەش دواى ئەوەى لە هەینى رابردوودا هیچ یەکێک لە کاندیدەکان نەیانتوانى بەربەستى 50+1 تێبپەڕێنن.
ئەمڕۆ خولى دووەمى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئێران بەڕێوە دەچێت و هەریەک لە مەسعود پزیشکیان، کاندیدى ریفۆرمخوازەکان و سەعید جەلیلى کاندیدى نەریتخوازەکان، کێبڕکێى یەکترى دەکەن.
بەپێی یاساى هەڵبژاردنى ئێران تا کاتژمێر 11:59 خولەکى ئەمشەو دەکرێت دەنگ بدرێت، بۆیە ئەگەرى درێژکردنەوەى ماوەى دەنگدا کراوەیە، بەڵام یاساکە رێگرى کردووە لە دواى ئەو ماوەیە درێژ بکرێتەوە و دەنگدەران بچنە ناوەندەکانى دەنگدان.
لە خولى یەکەمى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئێران کە هەینى رابردوو بەڕێوەچوو، بەرپرسانى وەزارەتى ناوخۆ و ناوەندى هەڵبژاردن، سێ جار ماوەى دەنگدانیان درێژکردەوە و تا کاتژمێر 11:59 خولەک دەنگدەرانى ئێران، دەنگیاندا.