چاوەڕێیە قبوڵ بکرێت

نامەی دەستلەکارکێشانەوەی قایمقامی پێنجوێن لە ئەنجومەنی وەزیرانە

964+

کامیار کەمال_ پێنجوێن

زانا رەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن، لەسەر داوای خۆی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی نوسیوە و بزوتنەوەی گۆڕان و پارێزگاری سلێمانیش قبوڵیان کردووە.

زانا رەحمان بابەتی دەستلەکارکێشانەوەکەی بۆ 964 پشتراستکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی چوارەوە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی نوسیوە و ئاڕاستەی لایەنە ئیدارییەکان و بزوتنەوەی گۆڕانی کردووە و داواکاری دەستلەکارکێشانەوەکەشی لەسەر داوای خۆی بووە.

باسى لەوەشکرد، لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان و پارێزگاری سلێمانی دەستلەکارکێشانەوەکەیان پەسەندکردووە و نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی لە ئەنجومەنی وەزیرانە و پێویستی بە واژووی وەزیری ناوخۆ هەیە.

زانا رەحمان جگە لە دەستلەکارکێشانەوەکەى، پێشنیارى کردووە لە دواى خۆى هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەرى ناحیەى ناڵپارێز شوینى بگرێتەوە، چونکە ئەو بە شایستەى پۆستەکە دەزانێت، هەرچەندە وتى،”دیاریکردنى کەسێک بۆ جێگەکەم، لە دەستى بزوتنەوەى گۆراندایە”.

“پێداگرم لەسەر دەستلەکارکێشانەوەم لە پۆستەکەم، چونکە ماوەی 10ساڵە لەوێدام و دەبێت دەرفەت بدرێت بە کەسێکی دیکە، چونکە وەکو پێویست نەمتوانی پڕۆژە ئەنجام بدەم رێگەش نەدرا پڕۆژە ئەنجام بدەین، رێگرى کرا و پارە خەرج نەدەکرا، دەکرێت کەسێکى دیکە لە شوێنەکەم دەستبەکاربێت و دەرگایەکى نوێ بکاتەوە”، زانا رەحمان واى وت.

هاوکات وتیشی،” ئێستا یاخود 10ساڵی دیکەش بێت هەر دەبێت پۆستەکەم جێ بهێڵم و تاسەر بۆ کەس نابێت، دواى پەسەندکردنى دەستلەکارکێشانەوەکەم خۆم بە خوێندنەوە سەرقاڵ دەکەم”.

زانا رەحمان ماوەی 10ساڵە قایمقامی قەزای پێنجوێنە و لە مانگی یەکی ساڵی 2023 و لەکاتی خۆپیشاندانی دانیشتوانی قەزای پێنجوێن دژی بڕینی کارەبا دەستیلەکارکێشایەوە و لەو کاتەدا خۆپیشاندەران وازیان لە ناڕەزایەتییەکانیان هێنا و زانا رەحمانیان بە باوەش لە ماڵەکەیەوە بردەوە بۆ قایمقامییەت و دەستلەکارکێشانەوەکەیان رەتکردەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

شەقامە سەرەکییەکانى پێنجوێن و ناڵپارێز قیر دەکرێن

شەقامە سەرەکییەکانى پێنجوێن و ناڵپارێز قیر دەکرێن