کەلار

چلەی ماتەمینی ئەو چوار قوتابییە بەڕێوەچوو کە لە مینی پاسێک دا گیانیان لەدەست دا

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 3.7.2024 چلەی ماتەمینی بۆ ئەو چوار قوتابییە بەڕێوەچوو،کە لە مینی پاسەکەی سەر رێگای کەلار – کفری وەرگەڕا و گیانیان لەدەست دا.

رۆژی 14.5.2024 چەند پاسێکی قوتابیانی ئامادەیی باکوری تێکەڵ، بەمەبەستی گەشتی زانستی رۆشتن بۆ قەزای کفری، لەکاتی گەڕانەوەیان یەکێک لە مینی پاسەکان وەرگەڕا، چوار قوتابی گیانیان لەدەست دا و پێنج قوتابی دیکە و مامۆستا و شۆفێرەکەش بریندار بوون.

ئەحمەد لەتیف، باوکی ئەو دوو کچە دوانەیە کە لەو رووداوە گیانیان لەدەست دا بە 964ى وت،” دوای رۆشتنی دوو کچەکەی ھەموو شتێکی ماڵەوەیان گۆڕاوە، لەیەک رۆژ ھاتنە ژیان و لەیەک رۆژیش گیانیان لەدەست دا”.

دەشڵێت،”کچەکانی شەھیدی رێگای زانستن، ھیوادارن ئەو رووداوە ببێت بە پەند بۆ ھەموان و ئیتر رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە”

سانا سامان، خوشکی یەکێک لەو قوتابیانەیە کە گیانی لەدەستداوە، وێنەی خوشکەکەی لەباوەش گرتبوو بۆ 964 باسی لەوەکرد،”ئەو رۆژەی رووداوەکە روویدا منیش ویستم بڕۆم لەگەڵیان، بەڵام مامۆستاکانیان رێگەیان نەدا و دایان بەزاندم، ئەوە کۆتا بینینی من و خوشکەم بوو”.

“ئێستا ھەست بە ژیانی خۆم ناکەم، دوای رۆشتنی خوشکەکەم ھیچ شتێک وەک خۆی نەماوە، تەنانەت شەوان پێکەوەش دەنوستین، بەڵام ئێستا من تەنھا ماوم” ، سانا سامان وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

وەرگەڕانی مینی پاسەکەی خوێندکاران چوار گیان لەدەستدان...

وەرگەڕانی مینی پاسەکەی خوێندکاران چوار گیان لەدەستدانی لێ کەوتەوە