دارستان و بیری ئاوی هەیە

هۆڵێکی تایبەت بە بۆنەکان لە هەڵەبجە دەکرێتەوە 


ژێوار خدر

لە پارێزگای هەڵەبجە هۆڵێکی تایبەت بە بۆنەکان دروستکراوە، بەمزووانە دەخرێتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە.

ئەندازیار کاوە عەلی کەریم جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە پەیجی فەرمیی پارێزگای هەڵەبجەی راگەیاند: هۆڵی  بۆنەکانی حاجی ئەختەر بە تێچووی 942000 دۆلار، لەسەر رووبەری 2952 مەتر دووجا دروستکراوە و دەکەوێتە گەڕەکی شەهیدانی شارەکە.

ئاماژەی بەوەش دا، جگە لەوە رووبەری 10 دۆنم لە دارستانی تەنیشت هۆڵەكە  چاککراوە و کۆمەڵێک درەختی وشکیش بڕاونەتەوە و لە شوێنیاندا 486 درەخت چێندراون.
“سیستەمێکی ئاودێریی زیرەک دانراوە و چاکسازی لە بیری پڕۆژەکەدا کراوە و سەرپەرشتیارێکی کشتوکاڵی بەردەوامیشیان بۆ دانراوە”، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وای وتووە.

پڕۆژەکە لەسەر ئەرکی سەرمایەداری شاری هەڵەبجە ئاسۆی حاجی محەمەدی بامۆكییەوە دروستکراوە.