دارستان و بیری ئاوی هەیە
هۆڵێکی تایبەت بە بۆنەکان لە هەڵەبجە دەکرێتەوە
+964
ژێوار خدر
لە پارێزگای هەڵەبجە هۆڵێکی تایبەت بە بۆنەکان دروستکراوە، بەمزووانە دەخرێتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە.
ئەندازیار کاوە عەلی کەریم جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە پەیجی فەرمیی پارێزگای هەڵەبجەی راگەیاند: هۆڵی بۆنەکانی حاجی ئەختەر بە تێچووی 942000 دۆلار، لەسەر رووبەری 2952 مەتر دووجا دروستکراوە و دەکەوێتە گەڕەکی شەهیدانی شارەکە.
ئاماژەی بەوەش دا، جگە لەوە رووبەری 10 دۆنم لە دارستانی تەنیشت هۆڵەكە چاککراوە و کۆمەڵێک درەختی وشکیش بڕاونەتەوە و لە شوێنیاندا 486 درەخت چێندراون.
“سیستەمێکی ئاودێریی زیرەک دانراوە و چاکسازی لە بیری پڕۆژەکەدا کراوە و سەرپەرشتیارێکی کشتوکاڵی بەردەوامیشیان بۆ دانراوە”، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وای وتووە.
پڕۆژەکە لەسەر ئەرکی سەرمایەداری شاری هەڵەبجە ئاسۆی حاجی محەمەدی بامۆكییەوە دروستکراوە.