پێنج کیلۆمەتر

شەقامی گشتی حاجیاوا بۆ چوارقوڕنە رووناکدەکرێتەوە

964+
ژێوار خدر

ماوەی سێ رۆژە پڕۆژەی رووناککردنەوەی شەقامی گشتی حاجیاوا – چوارقورنە دەستیپێکردووەتەوە و بڕیارە لە ماوەی 360 رۆژدا تەواو بکرێت.

سوارە فەتاح، سەرۆکی شارەوانیی حاجیاوا بە 964ی وت، پێشتر پرۆژەکە دەستیپێکرابوو، بەڵام بەهۆی کێشەیەک لە بودجەکەیدا ماوەی ساڵێک بوو راگیرابوو، دوای چارەسەرکردنی کێشەکە دووبارە دەستکراوەتەوە بە کارەکانی.

وتیشی، پێشتر بودجەی تەرخان کراو بۆ پڕۆژەکە 535 ملیۆن دینار بووە، ئێستا بەرزکراوەتەوە بۆ 572 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی پەرەپێدان جێبەجێ دەکرێت.

بڕیارە پرۆژەکە لە ماوەی 360 رۆژدا تەواو بکرێت و شەقامەکە بە درێژایی پێنج کیلۆمەتر رووناکدەکرێتەوە.

سەرۆکی شارەوانیی حاجیاوا ئاماژەی بەوەش کرد لەگەڵ هەمان پرۆژەدا پرۆژەی راکێشانی تۆڕی ئاویش جێبەجێ دەکرێت.

نەبوونی رووناکی لەسەر شەقامەکە و تاریکیی رێگاکە کێشەی زۆریان بۆ هاوڵاتییان دروست کردبوو، لە شەودا و زۆرجار دەبووە هۆی درووستبوونی رووداوی هاتوچۆ.