هێشتا ئاسایشی سلێمانی پشتڕاستی نەکردووەتەوە

دژەتیرۆر: ئەوانەی لەتەقینەوەکەی سلێمانیدا بەرکەوتن سەر بە پەکەکەن

+964

ژووری هەواڵ

زانیاری جیاوازو ناچوون یەک لەبارەی تەقینەوەکەی سلێمانییەوە دێت، ئەوەی تائێستا یەکلایی بووەتەوە ئەوەیە ئۆتۆمبێلەکە بە بۆمبی لکێنراو تەقێندراوەتەوە و درۆن لێی نەداوە.

سەعاتێک دەبێت دژە تیرۆری کوردستان لەسەر پەیجەکەی خۆی ئەمەی نوسیوە: ”بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024، کاتژمێر 11:30ی پێشنیوەڕۆ، لە گەڕەکی راپەڕین لە شاری سلێمانی، بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا سپۆرتاج تەقییەوە، لە ئاکامدا دوو ئەندامی تەڤگەری ئازادی سەر بە پەکەکە بە ناوەکانی (محەممەد خەلیل و محەممەد ئیبراهیم) کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن بە سەختی بریندار بوون”.

بارەگای سەرەکی دژە تیرۆری کوردستان لە هەولێرە، بەڵام هێشتا ئاسایشی سلێمانی ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

پێشتریش تارا حوسێن هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كوردستان قسەی بۆ 964 کردبوو، ئەوەی رەتکردبووەوە كە هیچ ئەندامێكی ئەوان لە تەقینەوەكەدا بەركەوتبێت.

کاتی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکە زوو پەیامنێری 964 لە سلێمانی گەیشتە شوێنی رووداوەکە و زانیاری وردی گواستەوە.

964  بۆی ساغ نەکرایەوە سەرنشینەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکە کێن، بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بە 964ی وت ”تەنیا دوو كەس گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و بە سەختی بریندارن و یەكێكیان قاچ و دەستی پەڕیوە و رووخساری شێواوە.

یەكێك لە بریندارەكان بە كرمانجی قسە دەكات و پرسیاری لە پزیشكەكان كردووە “هەڤاڵی من چی بەسەر هاتووە و لە كوێیە”.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە سلێمانی کە ئاگای لە رووداوەکە بوو پۆستەکەی رێی پێدەدات زانیاری وردی دەست بکەوێت بە 964ی وتی، “ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقیوەتەوە بە درۆن هێرشی نەكراوەتەسەر و پێدەچێت بۆمبی پێوەلكێنداربێت”.
هەروەها سەلام عەبدولخالق وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی بە 964ی وت، تیمەكانیان خەریكی لێكۆڵینەوەن و جارێ نازانن چی بووە، كە گەیشتنە ئەنجام زانیارییەكان بڵاودەكەنەوە.
رووداوەکە لە نزیک پرۆژەی میران سیتی روویدا لە گەڕەکی راپەڕین، خەڵکی ئەوناوە گوێیان لە دەنگێکی گەورە بوو، دوای ئەوە سەیارەیەک ئاگری لێ بەرزبووەوە.

ئاسایش لەبارەى تەقینەوەى ئۆتۆمبێلەکەى سلێمانى روونکر...

ئاسایش لەبارەى تەقینەوەى ئۆتۆمبێلەکەى سلێمانى روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە