رووداوی مەلعەبەكەی سلێمانی

پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان بە دەمانچەی كارەبایی لە هاندەرانیان داوە

+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە دوای كۆتاییهاتنی یاریی نێوان هەردوو یانەی نەورۆز و زەوڕا لە خولی تۆپی پێی ئەستێرەكانی عێراق لە یاریگەی سلێمانی، شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان پۆلیس و دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز دروست بوو، سەرۆكی دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆزیش دەڵێت “پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان بە دەمانچەی كارەبایی رووبەڕوومان بوونەوە و ئەشكەنجەیان داوین”.

یارییەكە دوێنێ ئێوارە بە سەركەوتنی یانەی نەورۆز بە 1-0 گۆڵ كۆتایی هات، بەڵام بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ و لێكتێنەگەیشتن كێشەكە دروست بوو، ژمارەیەكی زۆری دەستەی هاندەرانی یانەكە هێرشیان كراوەتە سەر و سێ ئەندامی دەستەكە بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی شار كران.

هاوكار عومەر، سەرۆكی دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز بە 964ی وت، “ئێمە وەك دەستەی هاندەرانی یانەكەمان دوای كۆتاییهاتنی یارییەكە، وەك رێز و وەفایەك ویستمان رێڕەوی رێزلێنان بۆ یانەی زەوڕا رێكبخەین لە بەرامبەر ئەوەی پارساڵ یاریگەی خۆیان پێشكەشكردین بۆ بەڕێوەچوونی یارییەكانمان لە شاری بەغدا،  بەڵام لەلایەن پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكانەوە رێگرییمان لێكرا و كەوتنە وێزەی هاندەرانمان”.

وتیشی، “ویستم ناوبژیوانی نێوان هاندەران و برایانی پۆلیس و تێیانبگەیەنم هاتووین رێرەوی رێزلێنان بۆ یانەی زەوڕا دروست بكەین، بەڵام بە 10 پۆلیسەوە هێرشیان كردەسەرم و بۆكسێكیان لە ناو چاوم داوە و برینداریان كردووم، خۆم و رەوەند ئەحمەد و بڕیار عەلی خراپ پێكراین و رەوانەی نەخۆشخانەی شار كراین، بە تایبەت رەوەند ئەحمەد تەندروستی خراپ تێكچوو، ماوەی دوو كاتژمێر بێ هۆش بوو، دەمانچەی كارەبایی بەر گورچیلەی كەوتووە و دوای چارەسەركردنی ئێستادا دۆخی تەندروستی جێگیرە و رەوانەی ماڵەوە كراوەتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، لە بنكەی پۆلیسی رزگاری سكاڵایان تۆمار كردووە و داوا دەكەین یاسا وەڵامی هەبێت بۆ ئەوەی بەرامبەر دەستەی هاندەرانی یانەكەیان كراوە.
“دەمانەوێت هەقمان وەربگیرێتەوە و رووداوەكە هەر وا ئاسانی تێنەپەڕێت”، ئەمە قسەی هاوكار عومەر سەرۆكی دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆزە.

پۆلیس چی دەڵێت؟
سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 2.7.2024 بە 964 ی وت، “چالاكییە مەدەنییەكان بۆ پاراستنی هاوڵاتیان هێز بەكاردەهێنن، بەڵام هەرگیز رێگری لە رێڕەوی رێزلێنان ناكەن، دەكرێت ئاژاوەگێڕییەك هەبووبێت، ریزی هێزەكانی چالاكییە مەدەنییەكان بەزێندراوە، هەروەها لەلایەن یانەی زەوڕاوە داواكراوە پارێزگارییان لێبكرێت و نەیانزانیوە هاندەرانی نەورۆز بە نیازی چی بوون، لەبەرئەوە چالاكییە مەدەنییەكان هێزیان بەكارهێناوە”.

باسی لەوەش كرد، دوای ئەوەی دوێنێ دەستەی هاندەرانی نەورۆز سكاڵایان تۆماركردووە، ئەمڕۆ 2.7.2024 چوونەتە بنكەی پۆلیسی رزگاری و سكاڵاكەیان كێشاوەتەوە و وتویانە هیچ سكاڵایەكمان لەسەر كەس نییە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

یانەی نەورۆز لەكۆتا خولەكەكاندا بەسەر ئەمانەدا سەرکەو...

یانەی نەورۆز لەكۆتا خولەكەكاندا بەسەر ئەمانەدا سەرکەوت