“سێ کاتژمێر ئاگر بەردەوام بووە”

ئاگر دەشتی سێ گوندی سنووری ناحیەی زاویتەی گرتووەتەوە

964+
زەید کۆچەر-دهۆک

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 1.7.2024 ئاگر بەر گوندی ئیمینکێ لە سنووری ناحیەی زاویتە کەوتەوە و تەشەنەی سەند تا گوندی عەقاری.
ئاگرەكە هەروەها گوندی مێردینکێشی بڕی و سەرەتا لە دەشتی گوندی ئیتیتێ ئاگرەکە هات و بووە هۆی سووتانی زیاتر لە 20 دۆنم زەوی.
ئاگرەکە بەهێز بووە و نەدەتوانرا بە زوویی کۆنترۆڵ بکرێت و هەوایەکی بەهێز کێشەی بۆ پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەی دهۆک دروست کرد و زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند.
رەمەزان سیاری، فەرماندە لە هێزی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەی دهۆک بە 964ی وت، لە درەنگانی ئیوارەی ئەمڕۆدا ئاگادار کراینەوە ئاگرێکی بەهێز لە دەشتی گوندی ئیمینکێ کەوتووەتەوە و یەکسەر لە زاویتەوە بەرەو شوێنی رووداوەکە رۆیشتین و بینیمان ئاگرێکی بەهێز و گەورەیە و زوو زوو تەشەنە دەکات، دواتر چیای سنووری سێ گوندی سووتاند کە گوندی “ئیتیت، ئیمینکی، مێردینکێ” بوون.
وتیشی، “بە هەوڵی پێشمەرگەکانی پاراستنی ژینگەی دهۆک و پۆلیسی دارستان و پاوانی دهۆک توانرا دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر ئینجا مەترسی ئاگرەکە نەهێڵین و کۆنترۆل بکرێت”،
لە دیمەنی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەدا پێشمەرگەیەكی پاراستنی ژینگەی دهۆك ڤیدیۆ تۆمار دەكات و تایبەت بۆ 964ی ناردووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

هەر رۆژێک زیاتر لە پێنج رووداوى ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر...

هەر رۆژێک زیاتر لە پێنج رووداوى ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر روویانداوە