هەر ئەمڕۆ

شەقامی 40 مەتریی کۆیە قیرتاو دەکرێت

+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە

ئەمڕۆ شەممە 29.6.2024، شەقامی 40 مەتریی قەزای کۆیە، لە بەردەم مزگەوتی خێرخوازانەوە تا رێگەی تەقتەق جارێکیتر قیرتاو دەکرێت.

ئەو قیرەی کە دەکرێت، چینی دووەمیەتی و لەسەر قیرە کۆنەکە دەکرێت، کارەکەش بەشێکە لە کارەکانی پڕۆژەی دووسایدی 40 مەتری لە كۆیە.

گۆران محەممەد، ئەندازیاری میکانیکیی پڕۆژەکە، بە 964ی وت، دووبارە چینێکی قیر لەسەر قیرە کۆنەکە دەکرێت، لەو شوێنانەی کێشەی هەیە چاک دەکرێتەوە، دواتر چینێکی دیكە قیرتاو دەکرێت، کە پێی دەوترێت (بڵایندەر)، تەواوی کارەکانی پڕۆژەی دووسایدەکەش بە باشی بەڕێوە دەچێت، کە لە رێگەی سلێمانی دەستپێدەکات تا رێگەی تەقتەق.

ئەو ئەندازیارە وتیشی، لە شەقامەکە پردێکی تێدایە، تەنیا سەقفی پردەکە ماوە و تەواو دەبێت، تێکەڵەڕێژ و کارەکانی دیكەی شەقامەکەش بەردەوامن لە کارکردن.

بودجەی پرۆژەکە کە بۆی دانراوە، پێنج ملیار دینارە، بڕیار وایە لە مانگی 11ی ئەمساڵ تەواو بکرێت.

پڕۆژەكە پێنج جار بە هۆی خەرجنەکردنی بودجە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار لە لایەن حکومەتەوە، کارەکانی وەستا.

شەقامی دووسایدی 40 مەتری، رێگای هەولێر و تەقتەق، بە سلێمانی و دوکانەوە دەبەستێتەوە، هەروەها رێگایەکە بۆ ئەو گەشتیارانەی بە کۆیەدا تێپەڕ دەبن و دەڕۆن بۆ شارێکی دیكە، ئەمە جگە لەوەی ئەو گەڕەکانەی لەسەر ئەو شەقامەن سوودێکی زۆری لێدەبینن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بارهەڵگرەکانی کۆیە بێ ئومێدبوون و بازگەی تۆپزاوایان چ...

بارهەڵگرەکانی کۆیە بێ ئومێدبوون و بازگەی تۆپزاوایان چۆڵکرد