بنکەی تەندرووستی قوشتەپە وێنە 964
حەوت نەخۆشخانەی هەیە
قوشتەپە بێ ئامێر و پزیشکی سۆنەرە
964+
ئەحمەدشەمزین – هەولێر
لە کۆی حەوت نەخۆشخانەی حکومی لە قەزای قوشتەپە، لە هیچیاندا پزیشک و ئامێری سۆنەر بوونی نییە، ئەوەش بووەتە جێگای گلەیی هاوڵاتیان و دانیشتوانەکەی.
هاوڕێ ساڵح، دانیشتووی قەزای قوشتەپەیە بۆ 964 وتی، “هەرکەس سۆنەری بووێت دەبێت لە نۆرینگە ئەهلییەکان بە 15 هەزار دینار بیگرێت”.
وتیشی، “ئەو نۆرینگەیەی سۆنەریشی تێدایە هەفتەی رۆژێک دەکرێتەوە و هاوڵاتی هەیە بۆ سۆنەرێک چووەتە ناوشاری هەولێر و گەڕاوەتەوە.
تەندروستیی قەزاکە چەند جارێک داوای ئامێر و پزیشکیان کردووە، بەڵام بۆیان دابین نەکراوە.
بەهادین محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی قوشتەپە بە 964ـی راگەیاند، ئەوان چەند جارێک داوای دابینکردنی پزیشک و سۆنەریان کردووە بەڵام تا ئێستا بۆیان دابین نەکراوە.
وتیشی، “بڕیار وایە دوای نۆژەنكردنەوەی بنكەی تەندروستیی قوشتەپە، كە مانگێكی تر تەواو دەبێت و پزیشک و ئامێری سۆنەرمان بۆ دابین دەکەن”.
قوشتەپە خاوەنی 56 گوندە و 15 هەزار دانیشتووی هەیە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد