داواى ناسنامە لە خەڵک دەکەن

گوندێکى ئامێدى چۆڵکرا و سوپاى تورکیا بازگەى داناوە

964+

هێڤى دێوالى- دهۆک

لەژێر فشارى سوپاى تورکیا دانیشتوانى گوندى دەرگەلێ لە دەڤەری بەرواری باڵا لەسنووری قەزای ئامێدی گوندەکەیان چۆڵکرد، لە رێگاکانى ناوچەکەش سوپاى تورکیا بازگەى داناوە و داواى ناسنامە لە خەڵک دەکەن.

964 دەزانێت، چەند رۆژێکە ژمارەیەکى زۆرى سەربازانى سوپاى تورکیا بە ئۆتۆمبیل و چەکەوە گەیشتونەتە دەڤەرى بەراوارى باڵا و بازگەیان داناوە، بەپێى ئەو گرتە ڤیدیۆییانەى هاوڵاتیان بۆ 964یان ناردووە، سوپاى تورکیا لە رێگاى نێوان گوندەکان بازگەى داناوە و داواى ناسنامە لە خەڵک دەکەن.

سەرچاوەیەکی فەرمی بۆ 964 پشتراستیکردووە، لە دوانیوەڕۆى ئەمڕۆوە، بەشێک لە دانیشتوانى گوندی دەرگەلێ لەدەڤەری بەرواری باڵا گوندەکەیان چۆڵکرد و ئەوەشى ماوەتەوە  خۆیان کۆکردووەتەوە و چۆڵى دەکەن.

وەک ئەو سەرچاوەیە باسى دەکات، ماوەى سێ رۆژە ناوچەکانى دەوروبەرى گوندى دەرگەلێ لەژێر بۆردوومانى بەردەوامدایە، جگە لە گوندى دەرگەلێ دانیشتوانى گوندى کانى بازێ ناوێرن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

حسێن بازی ،موختاری گوندی بازی لەدەڤەری بەرواری  بە 964ـى وت، ئێمە ئێستا لە گوندەکەین، بەڵام لە دەوروبەری گوندەکە بۆردوومان هەیە، بەو هۆیەوە دانیشتوانى گوندەکە لەماڵ نایەنە دەرەوە و ناوچە گەشتیارییەکانیش چۆڵکراون.

کامەران مەلا عوسمان، ئەندامى تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)، بە 964ـى وت، دوێنێ بەیانی، سەربازانی سوپای تورکیا لە بازگەی تورکیا لەڕێگەی (کانی بەلاڤێ)وە چوون بۆ ناو گوندی دەرگەلێ میسا بەگی لە بناری چیای مەتینا لە ناحیەی کانی ماسێ و بە دانیشتووانی گوندەکەیان وتووە، کە ئەگەر لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا گوندەکە چۆڵنەکەن، ئەوا بە هێز پێتان چۆڵدەکەین و گوندەکە بۆردوومان دەکەین.

بەقسەى دانیشتویەکى گوندەکەبێت، سوپاى تورکیا هەم بە نامە و هەم بە زارەکى وەک جۆرێک لە هەڕەشە پێیان وتوون کە دەبێت گوندەکە چۆڵ بکەن.

پێشتر 964 بڵاوى کردبووەوە کە سوپاى تورکیا لە دەڤەرى بەروارى باڵا بە درێژاى نۆ کیلۆمەتر، تۆڕێکى نوێى رێگای سەربازى دروست دەکات.

رێگاکە نۆ کیلۆمەتر لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندایە و سەرجەم بنکە و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا لە ناحیەی کانی ماسێ بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دواتر بە تۆڕێکی تری رێگا و بانی سەربازی سوپای تورکیا لە قەزای باتیفا و ناوچەی هەفتانین لە قەزای زاخۆ پەیوەستدەکرێت و دواتر بۆ ناو خاکی باکوری کوردستان لە پارێزگای هەکاری درێژدەبێتەوە.

سوپای تورکیا لە 23ـى 4ـى 2021ـەوە، ئۆپەراسیۆنی چنگی هەورە بروسکەی راگەیاندووە و ئەوکات لەماوەی یەک هەفتەدا چوار بارەگای سەربازی لە گوندەکانی ناحیەی کانی ماسێ دروستکرد، بەپێى قسەى ئەندامەکەى رێکخراوى (CPT)، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، تورکیا لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە کەلوپەل و پێداویستییەکانی ئەو بارەگایانەی دابیندەکرد، بەڵام لە دوای تەواوکردنی ئەو رێگا سەربازییە، چیتر تورکیا پێویستی بە هێلیکۆپتەر نابێت بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکان و ئاڵوگۆڕی سەربازەکانی لەو ناوچەیەدا.

وەک ئەوەى کامەران مەلا عوسمان باسى دەکات، دواى دروستکردنى ئەو رێگا سەربازیانە، جارێکی تر گێڕانەوەی ئەو گوند و شاخ و چیا و دۆڵانەش بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەستەم تر دەبێت.

پڕۆژەى دروستکردنى بنکەو بارەگاى سەربازى تورکیا لە خاکى هەرێمى کوردستان، لە کۆتا مانگى ساڵى 2017ـەوە دەستیپێکردووە، بەڵام لە دواى ناوەڕاستى ساڵى 2022 واتا دواى دروستکردنى 64 بنکە و بارەگاى سەربازى نوێ، پڕۆژەکە وەستێنرا.

تیمەکانى دروستکەرى ئاشتى کۆمەڵگە (CPT)، رێکخراوێکى ئەمەریکى بەرفراوانە و لە چەندین وڵات تیمى هەیە، لە هەرێمى کوردستانیش تیمەکەیان کاردەکات لە بوارى بە دۆکیۆمێنتکردنى هێرشەکانى تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکى هەرێم.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

توركيا تۆڕێکى نوێى رێگاى سەربازى لە هەرێمى کوردستان در...

توركيا تۆڕێکى نوێى رێگاى سەربازى لە هەرێمى کوردستان دروست دەکات