لە سایلۆى رانیە
مانەوەى گەنمى پار کێشەى بۆ وەرگرتنى گەنمى جوتیاران وەرگرتووە
964+
وریا فەتاح
14 هەزارتۆنى گەنمى پار لە سایلۆى رانیە ماوە و بۆ ئاشەکانى هەولێر و سلێمانى نە گوازراوەتەوە، ئەوەش کێشەى بۆ وەرگرتنى گەنمى جوتیاران دروست کردووە.
20.7.2024 دوا وادەى وەرگرتنى گەنمى جوتیارانە، بەڵام پێدەچێت درێژ بکرێتەوە
خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتى کشتوکاڵى راپەڕین بە 964ـى وت،”لە چوارشەممەى رابردووەوە وەرگرتنى گەنمى جوتیاران لە سایلۆى رانیە خاو بووەتەوە، بەشێوەیەک لە جیاتى وەرگرتنى یەک هەزار و 200 تۆن تا دووشەممەى داهاتوو رۆژانە 500 بۆ 600 تۆن وەردەگیرێت”.
ئەو باسى لەوەکرد کە هۆکارى خاوبوونەوەى پڕۆسەکە ئەوەیە کە 14 هەزار تۆن گەنمى پار لە سایلۆدا ماوە و نەگوازراوەتەوە بۆ ئاشەکانى سلێمانى و هەولێر.
سایلۆى رانیە جێگاى 40 هەزار تۆن گەنم دەگرێت، بەڵام حکومەتى عێراق پشکى ئیدارەى راپەڕینى بە 37 هەزار و 600 تۆن گەنم دیاری کردووە.
بە وتەى بەرێوەبەرى کشتوکاڵى راپەڕین، تائەمڕۆ 16 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە، ئەوەش کەمترە لە نیوەى ئەو بڕەى کە پێویستە لە جوتیاران وەربگیرێت بۆ ئەمساڵ.
وەک باسى دەکات، 20.7.2024 دوا وادەیە بۆ وەرگرتنى گەنمى جوتیاران، بەڵام ئەگەر پڕۆسەکە ئاوا بەڕێوە بچێت، پێدەچێت وەرگرتنى گەنم درێژ بکرێتەوە کە ئەوەیان بە بڕیارى حکومەتى ناوەندییە.