سعودیە خەڵاتی “زەخمەکانی عەرەب” دەکات

+964
پەرستۆ ساڵح

شەوی رابردوو لە سعودیە، خەڵاتەکانی جۆی 2022 دابەشکرا، کە دەدرێت بە “کەسایەتی سەرکەوتوو” بەگوێرەی ئەو پێوەرانەی رێکخەرەکانی دایانناوە.

لە خەڵاتەکانی ئەمجارە، بەپێی ئەو دەنگانەی بەدەستیانهێنا، هەریەک لە ئەشرەف حەکیمی یاریزانی مەغریبی و مریەم ساڵح بنلادن خەڵاتی باشترین وەرزشکاری پیاو و ژنیان پێبەخشرا، هاوکات خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە بەشی سینەما بەخشرایە هونەرمەندی میسری ئەحمەد عەز.

ئەوە چوار ساڵە دابەشکردنی ئەو خەڵاتانە بەڕێوەدەچێت، لە ریازی پایتەختی ئەو وڵاتە، تێیدا ئەکتەر، هونەرمەند، مۆسیقاژەن، کەسانی دیاری تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و خەڵکی دیکە خەڵات دەکرێن.

شەوی رابردوو، هەریەک لە ئەمیتاب باتچان ئەکتەری هیندستانی، مێل گیبسۆن ئەکتەری ئەمریکی و جۆرجینا رۆدریگێز خانمە نمایشکاری ئەرجەنتینی ئامادە بوون.

بەشێک لە خەڵاتەکانی تر، نادین نەسیب نەجیم خەڵاتی بۆ باشترین ئەکتەری دراما وەرگرت، ئەساڵە نەسری گۆرانیبێژی سوری وەک خاوەنی باشترین گۆرانی ساڵ خەڵاتکرا، خەڵاتی کاریگەرترین کەسایەتی ساڵ بەخشرایە عەبیر ئەلسوغەیری بلۆگەر.

خەڵاتەکانی جۆی، بە یەکێک لە خەڵاتە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، لەسەر بنەمای دەنگدان.