ئەسڵی خانەقینی پاراستووە

کارێز؛ ئەو گەڕەکەی منداڵەکانی لە دایک و باوکیان تێ ناگەن  

964+
راژان باجەڵان – خانەقین

کارێز ئەو گەڕەکەی کە جاران یەکێک بوو لە گوندەکانی خانەقین، ئێستا کەوتووەتە رۆخی رووباری ئەڵوەن، تەمەنی لە 200 ساڵ زیاترە و خەڵکە رەسەنەکەی شارەکەی تێدا ژیاوە.

رەسەنایەتی ئەو گەڕەکە بە جۆرێکە، تائێستاش بە تەمەنەکان شێوەزار و دەربڕینی خۆیان پاراستووە، تا ئەو رادەیەی لە زۆر قسەکردن و وشەسازیدا منداڵەکانیان کە نەوەی نوێن، لێیان تێ ناگەن.

سەباح کارێزی یەکێکە لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە و بە 964ی وت، “باپیری چوارەمی کە لە دایکبووی ساڵانی 1800 کانە، لە دایکبووی گەڕەکی کارێز بووە و نەوە دوای نەوە تا بە ئەو گەیشتووە و هەموویان ریشەیان لێرە کوتاوە و کەسی غەریب لە گەڕەکەکەیان نییە و هەمووی کەسوکار و خزمی یەکن”.

ئەوەی دانیشتووانی ئەم گەڕەکە جیادەکاتەوە، وشەسازی و دەربڕینە لە کاتی ئاخاوتندا، لەلای ئەوان، ئێستا بە ئێرەنا، ئەیجا بە ئەنوەچا ناودەبرێن، یەکێک لەو پیاوانەی گەڕەک کە بەشداری لە فیچەرێکی 964 کردووە، دەڵێت، “پیاوانی گەڕەک هەندێک وشە و رستە بەکاردەهێنن، منداڵەکانیان تێناگەن باسی چی دەکەن”.

باهیر وەندی، یەکێکی ترە لە دانیشتووانی گەڕەکەکە، ئەو بۆ 964ی گێڕایەوە، “ئەوان زارە ئەسڵەکەی شارەکەیان پاراستووە، ئەو وشە رەسەنانەی ئەوان بەکاریدەهێنن، لە هەموو خانەقین نەماوە و هەر ئەوانن پارێزگاری لێدەکەن و نەیانهێشتووە، نە وشەی تورکی، نە عەرەبی و نە فارسی تێکەڵ ببێت”.

هەر بچیتە ناو گەڕەکەکە سەوزاییەکی زۆر، دار و درەختی بەردەم ماڵەکان سەرنجت رادەکێشن، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە زۆرینەی دانیشتووانەکەی بە کاری باخەوانی و کشتوکاڵی سەرقاڵ بوون و جوتیار بوون، ئەگەرچی مامۆستا، فەرمانبەر هەتا دکتۆر و ئەندام پەرلەمانیش لەناویاندا هەڵکەوتووە.

ئەیوب کارێزی، کە خاوەن دوکانێکی بچووکە لە گەڕەکەکە، دەڵێت، “لەم گەڕەکە نە دەوڵەمەند هەیە و نە هەژار، هەمووی یەکە و دەست ناو دەستی یەکن، ئەوەشی هەژار و نەدار بێ، کەسانی دیکە چاویان لێیەتی و هەست بە هەژاری خۆی ناکات”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا