کارمەندانی کۆمسیۆنی کەرکوک داوای موچەی هەمیشەیی دەکەن
964+
کاروان ساڵح
ئەمڕۆ یەکشەممە، کارمەندانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک گردبوونەوە، داوایان کرد موچەی هەمیشەییان بۆ ببەسترێت، ئەگەرنا دەست لە کار دەکێشنەوە.
ئەوان ژمارەیان 110 کارمەندە و تەنیا لە سێ مانگی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن موچەیان پێدەدرێت، دواتر هیچیان بۆ حساب ناکرێت تاوەکو هەڵبژاردنێکی دیکە.
لە گردبوونەوەکەی ئەمڕۆ کە لە بەردەم لقی کۆمسیۆنی کەرکوک بوو، هەڕەشەی ئەوەیان کرد، ئەگەر موچەیان بۆ نەکەن بە هەمیشەیی، ئەوا بەشدار نابن لە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
مستەفا عەلی، یەکێکە لە کارمەندەکانی کۆمسیۆن، ئەو بە تۆڕی 964ی وت “ئێمە لە کەرکوک 110 کارمەندین، لە سەرجەم عێراق سێ هەزار دەبین، لە ساڵی 2008ەوە خەریکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانین، ئەگەر موچەمان بۆ نەکەین بە تەشغیلی (موچەی کارا و هەمیشەیی) ئەوا دەست لە کار دەکێشینەوە”.
ئەو کارمەندانە دەیان ساڵە کێشەی ئەوەیان هەیە کە چارەنوسی پیشەییان نادیارە، نازانن دادەمەزرێن یان هەروا دەمێننەوە.
هەیفا ئەنوەر فەرمانبەرێکی دیکەیە، بە تۆڕی 964ی وت، “ئێمە تەمەنمان خەریکە تێدەپەڕێت، نازانین داوا بکەین بکرێین بە گرێبەستی تەشغیلی یان خانەنیشینی، ئێمە لە هەردوولا بوین، نە دادەمەزرێین و نە رێگەمان پێدەدەن خۆمان ناونوس بکەین لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی”.
تۆڕی 964 دەزانێت تاکو کۆتایی گردبوونەوەکە، هیچ بەرپرسێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەهات.