(ئەرشیف) دیمهنێكى پێشووى خۆپیشاندانى مامۆستایانى وانەبێژ لە سنوورى پشدهر - وێنه: 964+
بەر لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن
داوای چارەسەرکردنی کێشەی وانەبێژان دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرێکی پەروەردە داوا دەکات بەر لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بکرێت، تا وەک ساڵی رابردوو بایکۆت نەکرێت و هۆڵەکانی خوێندن دانەخرێن.
نزیکەی 35 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن.
“بۆ ئەوەی پڕۆسەی پەروەردە جێگیر بێت و کێشە و گرفتی نەبێت پێویستە داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بکرێن و مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە”، ئەوە قسەی لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕە.
ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئەوەی بایکۆت نەکرێت و خوێندن لە کاتی خۆیدا دەستپێبکات، هێشتا کات ماوە و بە گرنگی زانی کێشەی وانەبێژەکان چارەسەر بکرێت.
دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بایکۆتی خوێندن کرا.
دواتر مامۆستایانی وانەبێژ بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان چوونە بەغدا و لە دوایین راگەیەندراویشیاندا دەڵێن، “ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکەن ئەوا لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا دووبارە بایکۆتی چوونە هۆڵەکانی خوێندن دەکەینەوە”.