کێ چارەسەری بکات؟

پرسەکانی مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی کێشەی هاتوچؤی دروست کردووە

+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بەڕێوەچونی مەراسیمی پرسە لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی لە سلێمانی،  ماوەی چەند ساڵێكە گرفتی هاتوچۆی بۆ شۆفێران دروست كردووە، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانیش دەڵێت، بۆ پرسە گەورەكان جگە لەو مزگەوتە هیچ بەدیلێكی دیكەیان نییە.

مزگەوتەكە دەكەوێتە سەر شەقامی شەستی (بازنەیی مەلیك مەحمود)، دوو هۆڵی گەورەی پرسەی پیاوان و ژنان لەخۆدەگرێت.

هونەر حەسەن، هاوڵاتییەكە و بە بەردەوامی شەقامەكە بۆ هاتوچۆكردن بەكاردەهێنێت و قسەی بۆ 964 كردووە، “هەر كاتێك لە ماڵ دەردەچم دوعا دەكەم مزگەوتەكە پرسەی تێدا نەبێت، دوێنێ نیو كاتژمێر زیاتر لەناو ئوتومبێلەكەمدا گیرم خوار، قافڵەی ئۆتۆمبێل لە مزگەوتەكەوە تا بەنزینخانەی بینایی ریزی بەستبوو، تەنانەت ئەگەر حاڵەتی كتوپڕیشت هەبێت مەجالی دەرچوونت لە شەقامەكە نییە، پێویستە مزگەوتەكە پرسەی تێدا هەڵبگیرێت، یان رۆژانی پرسە مەفرەزەی هاتوچۆ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شەقامەكە دابنرێن”.

كەمال عەلی، هاوڵاتییەكی دیكەیە و بە 964ی وت، “هەر كاتێك پرسە لە مزگەوتەكەدا هەبێت گرفتی هاتوچۆ بۆ هەموومان دروست بووە، مزگەوتەكە كەوتووەتە سەر شوێنێكی گشتی و پێویستە لە رۆژانی پرسەدا بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی كۆنتڕۆڵی شەقامەكە بكات و لەئەستۆی ئەواندایە”.
ئەمڕۆ 25.6.2024 پەیامنێری 964 بابەتەكەی گەیاندە لای عەباس خدر، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی و ئەویش وتی، “گلەیی و گازندەی هاوڵاتیانمان پێگەیشتووە، بەڵام وەك ئەوقاف بەدیلێكی دیكەی باشترمان نییە، هۆڵی پرسەی مزگەوتەكە گەورەیە و هەموو پرسە گەورەكان روو لەو مزگەوتە دەكەن، بوونی هۆڵی پرسە لەو مزگەوتەدا و لەو شوێنە، هەر لە بنەڕەتدا هەڵە بووە، ئەمڕۆ خۆم قەرەباڵغییەكەم بینی و ئاستەنگی هاتوچۆ هەبوو”.
وتیشی، “دوو مانگە دەست بەكاربوومە، ئاگاداری هیچ هەوڵێك نیم بۆ چارەسەركردنی، بەڵام پێویستە لە شوێنێكی دیكە هۆڵێكی گەورە دروست بكرێت بۆ ئەوەی ئەو پاڵپەستۆیە لەسەر شەقامەكە نەمێنێت”.

هەر لە بارەی ئاستەنگی هاتوچۆی شەقامەكە، بەهمەن عەبدوڵڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ی وت، “زۆربەی رۆژ مزگەوتەكە پرسەی تێدایە، ئێمە ناتوانین بۆ هەر پرسەیەك مەفرەزەیەك لەو شوێنە جێگیر بكەین، ئێمە رۆژانە سەرقاڵین و ئەركی سیستمكردنی هاتوچۆی ناوشارمان لەئەستۆدایە، بەشی ئەوەندە كارمەندمان نییە هەر مزگەوتێك یان فەرمانگەیەك مەفرەزەیەكی بۆ جێگیر بكەین”.

“ئێمە چەند جارێك ئاگاداری ئەوقاف و مزگەوتەكەشمان كردووەتەوە، كە بوونی پرسە لەو شوێنە ئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەكات، بە مەفرەزە چارەسەری ئەو قەرەباڵغییە ناكرێت، باشتر وایە بكرێت بە مەرج ئەو شوێنانەی بۆ پرسە دیاریی دەكرێن قەرەباڵغی خەڵكی بەسەرەوە نەبێت، هۆڵی پرسەكە خاوەنی گەراجی تایبەت بەخۆی هەبێت”، بەهمەن عەبدوڵڵا وای بە 964 وت .

ئەوقافی سلێمانی: رێگربن لە دانانی قاوە و چا لە پرسەکاند...

ئەوقافی سلێمانی: رێگربن لە دانانی قاوە و چا لە پرسەکاندا