ئاهه‌نگه‌كان خولی عێراق دواده‌خه‌ن

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا دەستپێکردنه‌وه‌ی خولی نایاب هه‌فته‌یه‌كی دیكه‌ دوابخات، بۆ ئه‌وه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی بردنه‌وه‌ی جامی كه‌نداو به‌رده‌وامبن.

لیژنەی پێشبڕكێیه‌كان له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی یارییه‌كانی خولی نایاب بۆ رۆژانی 26 و 27ی ئه‌م مانگه‌ دوابخات، كه‌ ده‌كاته‌ پێنجشه‌ممه‌ و هه‌ینیی داهاتوو، له‌ كاتێكدا ده‌بوو سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

بڕیاره‌كه‌ ئێواره‌ی شه‌ممه‌ له‌ په‌یجی فه‌رمیی فیدراسیۆنی عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، گه‌ڕی 13ـی خولی نایابی عێراق پێنجشه‌ممه‌ و هه‌ینیی داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ ده‌رفه‌تی زیاتر بدرێت به‌ درێژه‌دان به‌ ئاهه‌نگه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و جه‌ماوه‌ری وه‌رزشی به‌ بۆنه‌ی بردنه‌وه‌ی جامی كه‌نداوی 25، هه‌روه‌ها پشوودان به‌ یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌كه‌.

خولی نایابی عێراقی ئه‌م وه‌رزه‌ 12 گه‌ڕی ئه‌نجام دراوه‌ و له‌ 25-12-2022ـه‌وه‌ وه‌ستاوه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئاماده‌كاری عێراق بۆ میوانداریكردنی جامی كه‌نداو.

خولی عێراق به‌وه‌ ناسراوه‌، كه‌ هه‌موو وه‌رزێك پاش هه‌موو خوله‌كانی دیكه‌ی دنیا ته‌واو ده‌بێت.

خولی نایابی عێراق به‌ به‌شداری 20 یانه‌ دێته‌ ئه‌نجامدان، ئێستا یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه‌ به‌ 25 خاڵ و زه‌وڕاش به‌ هه‌مان ژماره‌ی خاڵ له‌ پله‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌می ریزبه‌ندیین.