تام و رەنگێکی تایبەتی هەیە

له‌ بنارى چیاى حه‌سه‌ن به‌گ ده‌ست به‌ چاندنى ته‌ماته‌ى كوێستانى كرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ژماره‌یه‌ك له‌ جوتیارانى سنوورى باڵه‌كایه‌تى روویان له‌ بنارى چیاى حه‌سه‌ن به‌گ له‌ ئیداره‌ى سۆران كردووه‌ بۆ‌ چاندنى ته‌ماته‌ى كوێستانى، كه‌ ساڵانه‌ له‌وكاته‌دا ده‌چێندرێت و به‌سه‌دان تۆن به‌رهه‌مى هه‌یه‌.

ته‌ماته‌ى كوێستانى، له‌تام و ره‌نگ جیاوازییه‌كى زۆرى له‌گه‌ڵ ته‌ماته‌ى خۆماڵى و ئه‌و ته‌ماتانه‌ش هه‌یه‌ كه‌ له‌ بازاڕه‌كاندا هه‌ن‌، تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ له‌ كه‌شێكى كوێستانى كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت و به‌ ئاوى ساردى كوێستانه‌كانیش ئاوده‌درێت.

هیمداد رزگار، خه‌ڵكى گوندى هه‌سنان كه‌ ساڵانه‌ له‌ گونده‌كه‌یان ژماره‌یه‌كی زۆرى جوتیار ته‌ماته‌ له‌و بناره‌ ده‌چێنن به‌ 964ـى وت، چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌ست كراوه‌ به‌ چاوندنى ته‌ماته‌و چه‌ند به‌رهه‌مێكی دیكه‌.

وتیشی “ئه‌مساڵ نزیكه‌ى 60 جوتیار زیاتر له‌ 50 دۆنم ته‌ماته‌یان له‌ كوێستانه‌كه‌ چاندووه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ جگه‌ له‌ ته‌ماته‌ چه‌ندین به‌رهه‌مى دیكه‌ى هاوینه‌ش ده‌چێندرێت به‌ڵام زۆرینه‌یان ته‌ماته‌ن.

سستمى دڵۆپاندن بۆ ئاودانى ته‌ماته‌ و به‌رهه‌مه‌كانى دیكه‌ به‌كارده‌هێندرێت كه‌ له‌رێگه‌ بۆرى پلاستیك و سۆنده‌وه‌ له‌سه‌رچاوه‌ى كانییه‌كانه‌وه‌ راكێشراوه‌.

هیمداد ده‌ڵێت، كه‌ ته‌ماته‌ كوێستانه‌كانى بنارى حه‌سه‌ن به‌گ پێده‌گات له‌ عه‌لوه‌كاندا به‌ باشترین ته‌ماته‌ى خۆماڵى له‌ تام و ره‌نگ، كڕین و فرۆشتنى پێوه‌ ده‌كرێت و نرخه‌كه‌شی له‌وانه‌ى دیكه‌ى گرانتره‌.

جوتیارانى برادۆست كێشه‌ى ساغكردنه‌وه‌ى ته‌ماته‌یا...

جوتیارانى برادۆست كێشه‌ى ساغكردنه‌وه‌ى ته‌ماته‌یان هه‌یه‌