بڕیاربوو ئەو شوێنە بکرێتە کۆمەڵگایەکی تەندروستی

ناوچەی پیشەسازی کۆنی بەردەڕەش بووەتە شوێنی زبڵ و خاشاک

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

زیاتر لە سێ ساڵ دەبێت دوکانەکانی ناوچەی پیشەسازی قەزای بەردەڕەش گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ، هەرچەندە بڕیار وابوو شوێنە کۆنەکە بکرێتە کۆمەڵگایەکی تەندروستی، بەڵام ئێستا بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک.

لەساڵی 2021ـەوە ناوچەی پیشەسازی بەردەڕەش کە شوێنەکەی لەنێو سەنتەری شارۆچکەکە هەڵکەوتبوو، گوستراویەوە بۆ ناوچەیەکی پیشەسازی نوێ، بەڵام شوێنە کۆنەکەی پڕبووە لە خۆڵ و خاشاک.

خدر ساڵح بەڕێوەبەری تەندروستی بەردەڕەش بە 964ـی وت، ”ئەو شوێنەی ئێستا ماوەتەوە لە پیشەسازی کۆنی بەردەڕەش بڕیارە ئەو شوێنە بکرێت بە کۆمەڵگایەکی گەورەی تەندروستی کە لە کۆگای دەرمان و پزیشکی ددان و چەند بەشێکی دیکە پێکدێت.

خدر ساڵح خدر لە بارەی بۆچی ئەو پڕۆژە تەندرووستیە ئەنجام نەدراوە رایگەیاند: ”چەند جارێک داوامان لە پارێزگای دهۆک کردووە هیچ وەڵامێکیان نییە و بودجەی زۆری پێویستە و پارێزگای دهۆک دەڵێت ناتوانین لە ئێستادا جێبەجێی بکەین”.

لە ساڵی 2013ـەوە داوایانکردووە شوێنی پیشەسازی کۆن بکرێتە نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی وەک جێگرەوەیەک بۆ نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی بەردەڕەش، بەڕێوەبەری تەندروستی بەردەڕەش وای وت،

سیروان حەسەن سەرۆکی شارەوانی بەردەڕەش بە 964ـی وت، بەپێی ئەو ماستەرپلانەی قەزای بەردەڕەش هەیەتی شوێنی پیشەسازی کۆنی بەردەڕەش کۆمەڵگایەکی تەندروستییە، ئەو ناوچەیە هەم پیس بوو هەمێش سیمایەکی ناوشرینی هەبوو بۆیە ویستوویانە بیکەن بە کۆمەڵگایەکی تەندروستی بەڵام نازانن هۆکار چییە تا ئێستا کاری تیادا نەکراوە.

شارۆچکەی بەردەڕەش سەربە پارێزگای دهۆکە و ناوچە پیشەسازیەکەی لە 221 دووکان پێکهاتوون و لە 2021ـەوە گوستراوەتەوە بۆ ناوچەیەکی پیشەسازی نوێ.

پێداچوونەوە: پەروەر خۆشناو

پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش د...

پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش دابین کرا