زیاتر لە 100 ساڵە قەزایە و هێشتا باخچەکانی بێنازن

+964

 فه‌رهاد حه‌سه‌ن

باخچه‌ى گشتى رواندز، زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌یه‌ دروستكراوه‌، به‌ڵام بە قسەی قائیمقامی ئەو قەزایە “كه‌مترین خزمه‌تگوزارى گشتى تێدایه‌”.

لە ساڵى 1956، ئه‌م باخچه‌یه‌ بۆ یه‌كه‌مجار، له‌سه‌ر ده‌ستی فه‌وزی سائیب به‌گ، قایمقامی ئەوكاتی قه‌زای رواندز، له‌ناو سه‌نته‌ری قه‌زاکە دروستكراوە.

ئه‌حمه‌د قادر، قائیمقامی قه‌زاى رواندز ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ باخچه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى سه‌نته‌رى قه‌زاكه‌ى بێ خزمه‌تگوزارییه‌، به‌ڵام به‌ تۆڕى 964ی وت “ناهێڵین هه‌روا بێ خزمه‌تگوزارى بمێنێته‌وه‌”.

به‌پێی قسه‌ى قائیمقام، له‌ رێگه‌ى شاره‌وانییه‌وه‌‌ پلانێكیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و باخچه‌یه‌، ئه‌ویش ده‌ڵێت “وه‌به‌رهێنه‌رێك هه‌یه‌ ده‌یه‌وێ كاری وه‌به‌رهێنان له‌و باخچه‌یه‌ ئه‌نجام بدات و تیایدا چه‌ند پێداویستییه‌كى خزمه‌تگوزارى له‌ناو ئه‌و باخچه‌یه‌ دروست بكات”.

تۆڕى 964 له‌ رێگه‌ى قائیمقامه‌وه‌ ده‌زانێت، ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ داواكه‌ى ئاڕاسته‌ى ئه‌وان‌ كردووه‌ و ئه‌وانیش داواكه‌یان ره‌وانه‌ى شاره‌وانى كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى كاری له‌سه‌ر بكرێت.

قائیمقام ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ “ئه‌و بودجه‌یه‌ى ئێمه‌ وه‌ك ئیداره‌ى قه‌زا له‌به‌رده‌ستمانه‌ زیاتر بۆ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانه‌ وه‌ك ئاو و رێگاوبان و كاره‌با، بۆیه‌ فریاى دابینكردنى هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كان ناكه‌وین”.

به‌پێی ئه‌و پلانه‌ى وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ هه‌یه‌تى، ئه‌و خزمه‌تگوازریانه‌ى كه‌ پێویسته‌ بۆ ئه‌و باخچه‌یه‌ دابین بكرێن، بریتین له‌ دروستكردنى كافتریا و شوێنى حه‌وانه‌وه‌ و وه‌رزش و قاوه‌خانه‌ و نیمچه‌ بازاڕێك له‌و باخچه‌یه‌ دروست ده‌كات.

رواندز، جگە لەوەی پێشتر پایتەختی میرنشینی سۆران بووە، له‌ سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا كراوه‌ته‌ قه‌زا‌، له‌ دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقیش له‌ 1923 له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه‌، هه‌ر به‌ قه‌زا ماوه‌ته‌وه‌ و یه‌كه‌مین قائیمقام سه‌ید ته‌های شه‌مزینی بووە، كه‌ ئینگلیزه‌كان دایانناوە.