پاریزگای هەولێر وادەڵێت

“لە چوار رۆژی جەژندا پلانەکانمان وەک خۆی جێبەجێ کرد”

964+

توانا نەقی

لە چوار رۆژی جەژندا سەرجەم پلانەکانی پارێزگا و لیژنەی ئەمنی بەبێ کەموکوڕی وەک خۆی جێبەجێ کرا، ئەم قسەی پارێزگایە و چەندین ئاماریشیان خستووەتە روو بۆ ئەو چوار رۆژە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، پلانەکەیان بۆ پارساتنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و ئاسایشی شار وەک خۆی جێبەجێ کراوە.

چەندین ئاماریش لە رووی گەشتیاری، ئاسایش، پۆلیس، هاتوچۆ، بەرگری شارستانی، تەندروستی، شارەوانی و کوشتارگە خراونەتە روو.

هەموو ئامارەکانی پارێزگا بە ژمارە 

– گەشتوگوزار:
دانانی لیژنەی تایبەتی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆن بەسەر گرووپ و گەشتیاران و پێکھێنانی لیژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە رەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان، ژمارەی ئەو گەشیارانەی لە رۆژانی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە 117 هەزار و 421 گەشتیار.

– ئاسایشی هەولێر:
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکراوە و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانیان لە ئەرک دابوون.

– پۆلیس:
لە رۆژانی جەژن 54 تاوان تۆمارکراوە، 51 تاوان ئاشکراکراوە تاوانێکیش لە ژێر لێکۆڵینەوە دایە.

– هاتوچۆ:
لەماوەی رۆژانی جەژن سێ رووداوی هاتوچۆ روویداووە و تەنیا زیانی مادی لێ کەوتووەتەوە.

– بەرگری شارستانی:
29 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، کە 22 حاڵەتیان سووتانی پووش و پاوان بووە و حاڵەتەکانی تریش 3 ئۆتۆمبێل و 3 خانوو و دوکانێکیش بووە، سەرجەمیان لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراوە و خۆشبەختانە جگە لە زیانی مادی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

– تەندروستى:
سێ هەزار و 263 کەس نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، 154 منداڵ لە هەردوو رەگەز لە دایک بوون و 222 نەشتەرگەرى گەورە و بچووک ئەنجامدراون.

-شارەوانی:
لە رۆژانی جەژندا هەزار و 90 تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.

-کوشتارگە:
لەماوەی چوار رۆژی جەژن، لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر 269 ئاژەڵی گەورە و 759 ئاژەڵی بچووک کراونەتە قوربانی، ئاژەڵە گەورەکان 53 هەزار و 800 کیلۆگرام بوون و ئاژەڵە بچووکەکانیش 17 هەزار و 457 کیلۆگرام بوون.

هەولێر ئامادەکاری بۆ رۆژانی جەژن دەکات

هەولێر ئامادەکاری بۆ رۆژانی جەژن دەکات