كێ واده‌ڵێت؟

“داعش له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ كۆتایی هاتووه‌”

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، لیوا عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا ده‌ڵێت، رێكخراوی داعش لە رووی سەربازییەوە کۆتاییان هاتووە، ئه‌و شوێنانه‌ش ئاشكرا ده‌كات، كه‌ چه‌كدارانی ئه‌و گرووپه‌ خۆیان لێ حه‌شار داوه‌.

یەره‌ڵڵا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووه‌، “دوای ئازادکردنی هەموو ئەو ناوچانه‌ی ئه‌وان کۆنترۆڵیان کردبوو، ئێستا داعش لە رووی سەربازییەوە کۆتاییان هاتووه‌، بەڵام لە رووی فیکرییەوە تەنیا رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، بەڵکو لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە لە ناوچەگەلێکدا بوونیان هەیە، کە گەیشتن پێیان زه‌حمه‌ته‌”.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، “هەرکەسێک باسی توانای داعش بکات، پێی دەڵێین ئەو چەتانە لە رووی سەربازییەوە کۆتاییان هاتووە، بەڵام پاشماوه‌یان هەیە، هێزه‌كانمان لە هەموو شوێنێکدا بەدوایاندا دەگەڕێن، بەو پێیەی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری سەربازی رۆژانە زانیاری لەبارەی ئەوان ده‌دات و فڕۆکەی F16 هێرشیان ده‌كاته‌سه‌ر”.
“پاشماوەكانی داعش لە شوێنی دیاریکراودا چالاکی دەکەن، له‌وانه‌ سێگۆشەی (کەرکوک، سەڵاحه‌دین و دیالە) کە ئێمەش ئەرکەکانمان لەوێدا جێبەجێ دەکەین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر دزه‌كردن یان پێشڕەوییەک رووبه‌ڕوویان ببینه‌وه‌، جا مه‌نده‌نی بێت یان سه‌ربازی”، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق واده‌ڵێت.
به‌ قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌ی عێراق، سنووره‌كانیان به‌هێزكردووه‌ و رێگریی ده‌كه‌ن له‌ دزه‌كردنی چه‌كدارانی داعش، به‌ تایبه‌تی له‌ سنووری سوریا.
رێكخراوی داعش، كه‌ ناوه‌كه‌ی كورتكراوه‌ی “ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام”، رێكخراوێكی چه‌كداری ئیسلامیی جیهادی سه‌له‌فیین و له‌ ساڵانی 2014 تا 2017 به‌شێكی ناوچه‌كانی عێراق و سوریایان ده‌ستبه‌سه‌ردا گرت و كوشت و كوشتاری زۆریان كرد و تاوانی زۆر گه‌وره‌یان ئه‌نجام دا.
سه‌باره‌ت به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق به‌ پاڵپشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی توانیان هه‌موو ناوچه‌كان له‌ ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ توندوتیژه‌ ده‌ربهێننه‌وه‌ و ئێستا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دووره‌ده‌ست و به‌ شێوه‌ی گرووپی بچوك چالاكی و هێرشی چه‌كداری ده‌كه‌ن.

یەکەمجارە دەست بەسەر کەرەستەى ئەلیکترۆنى داعش دا دەگی...

یەکەمجارە دەست بەسەر کەرەستەى ئەلیکترۆنى داعش دا دەگیرێت