نامەکەی وتەبێژی وەزارەت چی تێدا بوو؟

تەندروستی سلێمانی؛ ئەمبوڵانسی هەیە بۆ فیلمی دیکەش

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

تەندروستی سلێمانی کۆتایی هێنا بە هەموو ئەو هاش و هوشانە، کە دەربارەی بەکارهێنانی ئەمبوڵانسەکانی لە فیلمی “خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا” بۆ نمایشی فەرشی شین، لە سۆشیال میدیا کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنابوو.

بە ئەمبوڵانس ئەکتەرەکانی بۆ دەهێنرا

رۆژی 14.6.2024 یەکەم رۆژی دەستپێکی پەخشکردنی فیلمی “خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا” بوو لە سیتی سینەمای سلێمانی، پێش دەستپێکردن و پیشاندانی فیلمەکە، فەرشی شین بۆ ستافی فیلمەکە راخرا، ئەوەش وەکو هێمایەکی سوپاسگوزاری بۆ ئەو پزیشک و کارمەندانەی تەندروستی کە لە سەردەمی کۆرۆنادا خزمەتیان پێشکەشی هاوڵاتیان کردووە و بە ئەمبوڵانسیش ئەکتەرە بەشداربووەکانی بۆ دەهێنرا.

ئەو دیمەنی هێنانەی ئەکتەرەکان، کاردانەوەی دروستکرد و بەشێک لە خەڵک و توێژی جیاواز لە سۆشیال میدیا ئاماژەیان بەوەکرد، “بەکار‌هێنانی ئەو ئەمبوڵانسانە نەگونجاو بووە، لە کاتێکدا ئەوان ئەرکی چارەسەری و فریاگوزاری دەکەن، چۆن بۆ نمایش و گواستنەوەی ئەکتەرانی فیلمێک بەکارهێنراون”.

نامەکەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بۆ 964: قسەی ئێمەشە

ئەمڕۆ 964 لە هەوڵی سۆراغی بەردەوامی ئەو کاردانەوانە بوو تا قسەی لایەنی تەندروستی و رەخنەگرانی بگوازێتەوە، دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وەڵامی پەیوەندیی 964ی نەدایەوە، هەروەها جێگرەکەی دکتۆر هێرش سەید سەلیم وتی، “ئەو لە پشووی جەژندایە و ئاگادار نییە”.

هەروەک، سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بەیانی ئەمڕۆ 18.6.2024، بە 964ی وت، “ئاگاداری بابەتەکە نییە و بەدواداچوون دەکەن”، ئێوارەی ئەمڕۆ بەنامەیەک بە پەیامنێری 964ی وتووە، “بڵاوکراوەکەی تەندروستی سلێمانی قسەی ئێمەشە”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا ئێوارەی ئەمڕۆ دەڵێت، “لەبارەی بەکارهێنانی ئەمبوڵانس بۆ کاری فیلم، پێشتر لەزۆر نمایشدا ئەمبوڵانسی تەندروستی بەکارهێنراوە، بۆ ئایندەش هاوکاردەبین”.

تەندروستی سلێمانی: ئەو کارە هونەریانە پەیوەندی بە تەندروستی هاوڵاتیانەوە هەیە

لەبارەی چەند خولەکێک لە بەکارهێنانی ئەمبوڵانس لەفلمێکی شاری سلێمانی بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێکی سەردەمی کۆرۆنا، بەڕێوەبەراتی گشتی تەندروستی سلێمانی روونی دەکاتەوە، “بەشێوەیەکی ئاسایی هاوکاری ستافی فیلمەکەیان کردوە، چونکە پەیوەندی بە تەندروستیەوە هەبووە و تەنیا لەشوێنی نمایشەکە بۆ ماوەی چەند خولەکێک ئەمبوڵانسێک سوودی لێ وەرگیراوە و تەندروستی سلێمانی بۆ ئایندەش هاوکاری ئەو کارە هونەریانە دەبێت کە پەیوەندی بەتەندروستی هاوڵاتیانەوە هەیە”.

فیلمی “خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنادا” کاتژمێرێک و 40 خولەکە، لە پیشاندانە تایبەتەکەیدا لە چوار هۆڵی سیتی سینەمای شاری سلێمانی، نزیکەی 800 کەس بینەری بوون.

“خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا” لە سیناریۆ و دەرهێنانی شوان عەتوفە و چەند ئەکتەرێک رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، لەوانە، ئەحمەد جۆڵا، ماهیر حەسەن، سیروان جەمال، سروشت کامەران، شوان کەریم و ژاڵە رەسوڵ، جگە لە ژمارەیەک ئەکتەری دیکە کە لە رۆڵی لاوەکیدان.

پێداچوونەوەی: ئەحمەد مستەفا

"رۆڵ بینین لەگەڵ ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا ئاسان نییە"

نیسانی ئەمساڵ فیلمی

نیسانی ئەمساڵ فیلمی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" نمایش دەکرێت