زۆرینەیان خەڵکى دەڤەرى راپەڕینن

49 کەس لە یەختە نقومبووەکەدا بێسەروشوێنن

964+

وریا فەتاح

زانیارى نوێ لەسەر یەختە نقومبووەکەى دەریاى ناوەڕاست ئاشکرا دەبێت و کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: 11 کەس رزگارکراون و کەسێک گیانى لەدەستداوە و 49 کەسیش بێ سەروشوێنن کە زۆربەیان خەڵکى باشورى کوردستان و رۆژهەڵاتى کوردستانن.

یەختەکە شەوى پێنجشەممەى رابردوو لە کەناراوەکانى تورکیا بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە و درەنگانێکى شەوى رابردوو بەهۆى بەرزى شەپۆلەکانى دەریاى ناوەڕاست نقوم بووە

ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەناو یەختەکەدا 61 سەرنشین هەبووە، بەڵام تەنیا 12 کەس رزگارکراوە و دواتر یەکێکیان گیانى لەدەستداوە و 49 کەسیش بێسەروشوێنن کە زۆرینەیان خەڵکى باشورى کوردستان و رۆژهەڵاتى کوردستانن و کەمێکیش هاوڵاتى ئەفغانین.

بە وتەى ئەبوبەکر عەلى، رزگاربووەکان لە نەخۆشخانەیەکى ئیتاڵیان و پۆلیسى دەریاوانى ئیتاڵیا بۆ دۆزینەوەى بێسەروشوێنەکان گەڕانى دەستپێکردووە.

وەک باسى دەکات، بەپێى زانیارییەکانیان لەو کەسانەى رزگاریان بووە، زۆرینەى سەرنشینانى یەختەکە خەڵکى باشورى کوردستان و رۆژهەڵاتى کوردستان بوون و هاوڵاتى ئەفغانیشى تێدا بووە.

ئاشکراشى کرد، لە ناو یەختەکەدا خەڵکى ئیدارەى راپەڕینى تێدا بووە و خوازیارین لەو کەسانەى رزگارکراون خەڵکى دەڤەرى راپەڕین بن.

“49 کەس بێ سۆراغن، بێ سۆراغبونیش لەو شوێنەدا لاى ئێمە ئەوە دەگەیەنێت کە گیانى لەدەستداوە”، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان واى وت.

نزیکەی 50 کۆچبەری کورد لە ئیجە گیریان خواردووە

نزیکەی 50 کۆچبەری کورد لە ئیجە گیریان خواردووە