بە کۆمەڵ ئەنجامیاندا

خەڵکی گوندی بێگەڵاس قوربانی ئەمساڵیان 5 تۆن گۆشت بوو

964+

محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16.6.2024، خەڵکی بێگەڵاس بەکۆمەڵ قوربانیکردنیان ئەنجامدا، لەمزگەوت خێوەتیان بۆ گۆشتەکە داناوە، دوای وردکردنی گۆشتەکە دابەشی سەرجەم دانیشتوانی سنورەکەی دەکەن، گۆشتی ئەمساڵیان زیاتر لە پێنج تۆن دەبێت.

سامان ئەحمەد، سەرپەرشتیاری قوربانیە بە کۆمەڵەکە بە 964ـی وت،“وەک نەریتێکی ساڵانەی خۆمان بەکۆمەڵ قوربانی دەکەین لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، لەبەیانی زووە خێوەت دادەنێین و ئامادەکاری دەکەین، پێش جەژن سەرجەم دانیشتوان ناونوس دەکەین، ئەوکەسانەی قوربانی دەکەن لەماڵەوە سەری ئاژەڵەکانیان دەبڕن و گۆشتی نەرمە بەجیا دێنن بۆ لای ئێمە، ئێمەش وەزنی دەکەین و دواتر کەتەواو بوو دابەشی سەرجەمی خەڵکانەی دەکەین کە لای خۆمان ناونوسکراون، بێ جیاوازی دابەشی دەکەینەوە”.

وتیشی، گەنجان و ڕیشسپیان بەیەکەوە پڕۆسەکە بەخۆبەخشی بەڕێوە دەبن، پیاوماقولەکان رێوشوێنیان نیشاندەدەن و رێنموویان دەکەن، گەنجەکانیش گۆشتەکە ورد دەکەن و جیای دەکەنەوەو وەزنی دەکەن و لەناو زەرفی دەکەن، بەوشێوازە قوربانیەکە ئەنجام دەدەن.

“وەرزەکە وەرزی گەرمایە، بۆیە پەلەدەکەین لەوەی زوو کارەکە تەواو بکەین، بۆ کاتژمێر 2:00ـی دوای نیوەڕۆ، پڕۆسەکە کۆتای پێدێنین وەک هەموو ساڵێک، نایلۆنمان راخستووە بۆی و چەند فێنککەرەوەیەکمان داناوە بۆئەوەی گۆشتەکە تێکنەچێت دواتر شوێنەکە بەهەرەوەزی دەشۆینەوە و خاوێنی دەکەینەوە”سەرپەرشتیاری پڕۆسەکە وای وت.

خەڵکی بێگەڵاس ساڵی رابردوو نزیکی شەش تۆن گۆشتیان کردووە بەقوربانی، ئەمساڵیش زیاتر لە پێنج تۆن گۆشتیان هەبووە و بەکۆمەڵ قوربانیەکەیان ئەنجامدا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

لە هەولێر گۆشتی قوربانی بەسەر 370 کرێنشیندا دابەش کرا

لە هەولێر گۆشتی قوربانی بەسەر 370 کرێنشیندا دابەش کرا