هەندێ پرسیار لای ئێمەش دروست بووە

نوێکرایەوە.. ئەو کوڕەی لە فرۆکەخانەی هەولێر ”دیارنەمابوو” دۆزرایەوە

964+
زەید کۆچەر-دهۆک

 لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە، هاوڵاتییەکى دهۆک کە لە سویسرا دەژیا لە کاتى گەڕانەوەى بۆ سویسرا، لە فڕۆکەخانەى هەولێر ”دیار نەمابوو”، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەی 964 هاوڵاتییەکە لە دهۆک دەرکەوتەوە.

شێرزاد بەڕۆشکى کوڕى پورى پێشتر بە 964ی وتبوو ”کوڕە پورەکەم لەگەڵ خێزانەکەى و منداڵەکەى کاتژمێر 2:00ـى بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینى، ویستویەتى لە رێگەى فڕۆکەخانەى هەولێرەوە بگەڕێتەوە سویسرا، چووەتە ناو فڕۆکەکە بەڵام بۆ جگەرەکێشان چووتە خوارەوە  دواتر سۆراغی نەماوە”.

هاوڵاتییەکە ناوى هەوار قادرە و تەمەنى 36 ساڵە، شێرزاد وتی ”ژن و منداڵەکەشی لەگەڵ بوون، هەرچەندە هاوار دەکەن بوەستن لەبەر ئەوەی هاوار جێماوە، بەڵام گوێیان پێ نادرێت، ئەوان گەیشتوونەتە سویسرا، بەڵام هاوار دیار نییەو سۆراغی نییە.

هاوڵاتییەکە ناوى هەوار قادرە و تەمەنى 36 ساڵە

 هەر ئەوکات 964 پەیوەندیکرد بە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى هەولێر، بەڵام لە وەڵامدا وتى،”ئاگادارى ئەو بابەتە نیم و هیچ کەیسێک لەو بارەیەوە بۆ من نەهاتووە”.

کەسوکارەکەی هەر ئەو کات وتیان ئاسایشى هەولێریان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام هیچ هەواڵێک و سەرەداوێکیان دەست نەکەوتووە.

نیو کاتژمێر دوای ئەوەی 964 ئەم هەواڵەی بڵاوکردەوە، لە کاتژمێر 10:15 خولەک  کەسوکارى ئەو هاوڵاتییە پەیوەندیان بە پێوەکردین و وێراى پێزانین، ئاشکرایان کرد کە کەمێک لەمەوبەر لەلایەن کەسوکاریانەوە گەنجەکە لەناو شارى دهۆک دۆزراوەتەوە، بەڵام نازانن چۆن هاتووەتەوە و هۆکارى بێدەنگییەکەى چى بووە.

بەڵام هێشتا ئەم زانیاریانە لای 964 روون نین و چەند ئەڵقەیەک ونن، چونکە وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دەست نەکەوتووە کە ئاخۆ چۆن کەسێک کە چووە ناو فڕۆکە دەتوانێت دواتر بێتە خوارەوە؟ چونکە ئەم رێگەپێدراو نییە، هەروەها ئاخۆ چۆن کەسێکی دوای ئەوەی مۆری دەرچوون درا لە پاسپۆرتەکەی دەتوانێت بە بێدەنگی بچێتە دەرەوەی فڕۆکەخانەو بگاتەوە دهۆک؟

لە ژووری هەواڵی 964 زیاتر لەم زانیاریانە ورد دەبینەوەو پرسیاری زیاتر دەکەین، هەر کە وەڵاممان دەستکەوت لەگەڵ وەرگرەکانمان بەشی دەکەین.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

 دوو هەینییە جگە لە پێڵاوەکانى هیچ سۆراغێکى دیکەى نییە

 دوو هەینییە جگە لە پێڵاوەکانى هیچ سۆراغێکى دیکەى نییە