یەکەم قوتابخانەی عەرەبی لە گەڕەكێکی كوردی كەركوك دەكرێتەوە
میدیازان – كاروان ستار- كەركوك
گەڕەکی شۆراوی کەرکوک یەکەم قوتابخانەی عەرەبی تیا کرایەوە، خەڵکەکە پێیان خۆشە، بەڵام پەروەردەی کوردی هیچ بە دڵی نییە.
بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکوک پێنج ساڵ لەمەوبەرو بەدیاریکراوی لەدوای ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ رەزامەندی نیشاندابوو لەسەر كردنەوەی قوتابخانەیەكی سەرەتای عەرەبی لە نێو گەرەكی شۆراو بە ناوی (براعم شۆراو) كە دانیشتوانەكەی كوردن، بەڵام ئەو کاتە بەهۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی دواخراو ئەمساڵ ئەو قوتابخانەیە کرایەوە.
لەگەڵ ئەوەی لەدوای ٢٠٠٣وە عورفێکی رانەگەیەندراو هەبوو کە لەناوچە کوردییەکان قوتابخانەی عەرەبی نەکرێتەوە، بەڵام ناوە ناوە خەڵکە کوردەکە داوان دەکرد بەتایبەتی ئەوانەی دەیانویست منداڵەکانیان بەزمانی عەرەبی بخوێنێت.
پەروەردەی کوردی لەکەرکوک زۆر دژی ئەم هەنگاوەیەو گلەیی لەوانەش دەکات کەداوای خوێندنی عەرەبییان کردووەو دەڵێ ئێمە بۆ ئێوەمانە ئێوە بۆ کێتانە؟
“پەروەردەی كوردی لە كەركوك زۆر دژی ئەم هەنگاوەهەیە”
پەروین فاتیح بەرێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەەروەدەی كەركوك تایبەت بەمیدیازانی وت ‘تاكو ئێستا لە سێ چوار گەرەكی كوردی ئەم هەوڵە دراوە لە لایەن هاونیشتیمانیانی كوردەوە داواكراوە ئەمە تەحدایەكە لە گەڵ خوێندنی كوردی دەیكەن ‘.
ژمارەیەك هاووڵاتی لە دانیشتوانی گەڕەكی شۆراو ناویان تۆمار كردوە و واژویان كۆكردۆتەوە بە نوسراوێكی فەرمی داوای لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەدەی كەركوك كردوە كە قوتابخانەیەكی عەرەبی لە گەرەكی شۆراو بكرێتەوە ، بەرێوەبەری پەروەردەش لەسەر خواستی دانیشتوانەكەی كە كوردن ڕەزامەندی نیشاندا .
پەروین فاتیح دەڵێ ‘ئێستا ئێمە توشی شەرمەزاری بووین، چونكە كوردەكان خۆیان داوای كردنەوەی قوتابخانەی كوردی دەكەن و ئێمەش لەپێناو هاووڵاتیانی كوردا كاردەكەین، بەڵام ئەوان نایانەوێت’.
“ئێمە تووشی شەرمەزاری بوون”
هەندێ لەخەڵکی ناوچەکە زۆر کەیفیان بەم ناڕەزاییەی پەروەردەی کوردی نایەت، ئەوان دەیانەوێ دوور لەدەمارگیری نەتەوەیی منداڵەکانیان بەعەرەبی بخوێنێت.
نەجیبە ئەحمەد یەكێكە لە دانیشتوانی گەڕەكی شۆراو دەڵێ ‘پێم خۆشە ئەم قوتابخانەیە کراوەتەوەو دەمەوێ کوڕەکەم عەرەبی بخوێنێت، لەبەر ئەوەی شاری كەركوك شاری پێكەوە ژیانە پێویستە دانیشتوانەكەی سەرەجەم زمانەكانی شارەكە بزانن.
نەجیبە بەوە ناڕەحەتە کوڕو کچێکی خوێندکاری زانکۆن و عەرەبی نازانن ‘دەمەوێ کوڕە بچوکەکەم هەمان چارەنووسی نەبێت و
لەئێستاوە بیخەمە بەر خوێندنی عەرەبی’ .
“نارەحەتین بەوەی منداڵی كورد دەخرێتە بەر خوێندنی عەرەبی”
ئەم قسانەی نەجیبە هەموو خەڵکی گەڕەکەکە پشتیوانی ناکەن، چونکە هەیانە پێی وایە ئەمە بۆ لێدانە لەخوێندنی کوردی.
عەلی عەبدولكەریم ماڵی لەشۆراوە دەڵێ ‘ئەم هەنگاوە دژایەتی كردنی خوێندنی كوردیە بۆ ئەوەی بكرێتە ئامانج ، چونكە ساڵانە دەرچوانی پۆلی شەشی دواناوەندی شاری كەركوك نمرەكانیان لەسەروی خوێندنی عەربیەوەیە’ .
گەڕەكی شۆراو دەكەوێتە سەر رێگای سەرەكی كەركوك هەولێرو زۆرینەی رەهای دانیشتوانەكەی كوردن و یەکێکە لەو گەڕەکانەی دوای روخاندنی رژێمی بەعس دروست كراوەو لە٢٠٠٣ تاكو ئەمڕۆ قوتابخانەی خوێندنی عەرەبی تیا نەبووە .