"ژینگەی تێکداوە"

ئەو پاڵاوگەیەی لە هەولێر سووتاوە مۆڵەتی نییە

+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر

لە شەوی رابردووەوە پاڵاوگەیەک لەسەر رێگای هەولێر – گوێر ئاگری گرتووە تاوەکو ئێستاش کۆنترۆڵ نەکراوە، فەرمانگەی ژینگەی هەولێریش دەڵێت، پاڵاوگەکە مۆڵەتی نییە و تەواو ژینگەی شارەکەی تێکداوە.

ئەو شوێنەى ئاگرەکەى تێدا دروست بووە، پاڵاوگەیە نەوتى رەشى تێدایە و پێکهاتەکانى لێ جیا دەکرێتەوە، ئەم پاڵاوگەیە ژمارەیەک خەزانی گەورەی تێدایە.

دلشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە 964ـی وت، ”بەهۆی ئاگرەکەوە ئاسمانی هەولێر تەمێکی رەشی پۆشیوە، کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژینگەی هەولێر دروستدەکات، پێشووتریش داوایان کردووە ئەو پاڵاوگەیە مۆڵەت دروستبکات و مەرجی ژینگەیی تێدانییە”.

وتیشی، نەک تەنیا ئەم پاڵاوگەیە بەشی زۆری ئەو پاڵاگانە مۆڵەتیان نییە، هیچ مەرجی ژینگەشیان تێدانییە، بەفەرمی لەگەڵ وەزارەتی سامانەسروشتییەکان و پارێزگاری هەولێر نووسراومان کردووە، بۆ داخستنی سەرجەم ئەو پاڵاوگە نایاساییانەی لەو سنوورەن بە ئەمەشەوە.

لەسەر رێگای هەولێر – گوێر، ژمارەیەک پاڵاوگەی نایاسایی هەن و چەندین جار هاوڵاتیان و ژینگەپارێزان داوای داخستنیان کردووە.

زیاتر لە 13 کاتژمێرە ئاگری ئەو پاڵاوگەیە بەردەوامە و تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

چیرۆکى ئاگرەکەى هەولێر لە سەرەتاوە تا ئێستا

چیرۆکى ئاگرەکەى هەولێر لە سەرەتاوە تا ئێستا