ساغکردنەوەی 964

هاوکاریی عێراق بۆ حاجیان هەزار دۆلار نییە و پشکی هەرێمیشی تێدا نییە

964+

پێشەوا محەمەد

لە دوێنێوە وا بڵاوکراوەتەوە حکومەتی عێراق لە وڵاتی سعودییە بڕی هەزار دۆلار وەک هاوکاری بۆ هەر حاجییەکی عێراقی دابین دەکات، بەڵام 964 ئەو بابەتەی ساغ کردەوە و دەرکەوت هەزار دۆلار نییە، پارەکەش حاجیانی هەرێم ناگرێتەوە.

حکومەتی عێراقی ساڵانە و لە کاتی ئەنجامدانی فەڕیزەی حەجدا، لە وڵاتی سعودیە بڕێک پارە وەک هاوکاری دەدات حاجیان، 964 زانیویەتی ئەو پارەیەی ئەمساڵ بۆیان دیاری کراوە بڕی 190 دۆلارە نەک هەزار دۆلار.

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێم بۆ 964ـی روونکردەوە، هەر زانیارییەک لەسەر دابەشکردنی هەزار دۆلار درابێت بۆ حاجیانی عێراق راست نییە و ئەو بڕە نییە.

وتیشی، “ئەوەی دەدرێت بە حاجیان 190 دۆلارە و نەریتێکی ساڵانەی حکومەتی عێراقییە بۆ ئەو کەسانەی دەچنە حەج و ساڵانە بڕەکەی دەگۆڕێت”.

ئەمساڵ زیاتر لە چوار هەزار و 500 کەس لە هەرێمەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی فەڕیزەی حەج گەشتی وڵاتی سعودییەیان کردووە.

بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێم ئاماژەی بەوەش دا، ئەو هاوکارییە حاجیانی هەرێم ناگرێتەوە، “لەگەڵ دەستەی حەجی عێراق قسەمان کردووە و پێیان وتین ئەو پارەیە پشکی حاجیانی هەرێمی تێدا نییە”.

حاجیانی هەرێم دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن

حاجیانی هەرێم دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن