نرخی دۆلار ناجێگیرە و مارکێتەکان دۆخەکەیان قۆستووەتەوە
+964
عادل کانەبی-هەولێر
نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە بەرامبەر بە دیناری عێراقی، ئەمڕۆ شەممە نرخی 100 دۆلار گەیشتە نزیکەی 166 هەزار دینار و بەشێک لە مارکێتەکان ناجێگیری نرخی دۆلاریان قۆزیوەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخی کاڵا و کەرەستەی سەرەکییەکانی هاووڵاتییان هەیە، چونکە بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە هاوردەکراوی وڵاتانی دەرەوەیە و بە دۆلار هاوردە دەکرێن.
لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەشێک لە مارکێتەکان نرخی دۆلار لە بەرژەوەندی خۆیان قۆڕخ دەکەن بە بیانووی ئەوەی دۆلار نرخی جێگیر نییە و هەر شوێنە و بە نرخێک دۆلار وەردەگرێت بۆ ئەم مەبەستە تۆڕی 964 پەیوەندیکرد بە قائیمقامی هەولێر نەبەز عەبدولحەمید، وتی: ئێمە ناتوانین کۆنتڕۆڵی ئەو کێشەیە بکەین، چونکە راستەوخۆ پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە و خەڵک ئازادە لە کوێ دۆلار دەگۆڕێتەوە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، بە مەبەستی کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئەم کێشەیە لیژنەیەکیان راسپاردووە و تا ئێستا چەند شوێنێکیان سزا داوە و سزاکاکنیش لە ملیۆنێک دینار دەستپێدەکات تا داخستنی شوێنەکە.
قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر لە لاپەڕەی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، ”بەردەوامن لەبەدواداچوون و گەڕانەکانیان لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، بۆ رێگریکردن لە بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا و کەرەستەکان و سزادانی ئەو کەسانەی، کە بارودۆخەکەیان قۆرخ کردووە .