زانکۆ سکاڵاکەی کشاندووەتەوە

دۆسیەی مامۆستاکەی زانکۆی هەڵەبجە هێشتا لە دادگا یەکلایی نەبووەتەوە

964+

عومەر فەتاح ـ هەڵەبجە

هەرچەندە نزیکەی مانگێکە سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە سکاڵای لەسەر مامۆستا ئوسامە ئەشرەف کشاندووەتەوە، بەڵام هێشتا دۆسیەکەی لە دادگایە و بڕیارە دوای جەژن یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی بەڕێوەبچێت.

سەرەتای مانگی پێنجی رابردوو، لەسەر  سکاڵایەکی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، ماوەی دوو رۆژ بوو مامۆستا ئوسامە، مامۆستای بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو زانکۆیە بە پێی ماددەی دووی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و بەتۆمەتی ناوزڕاندن دەستگیر کرا.

مامۆستا ئوسامە ئەشرەف بۆ 964 وتی، “دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، سەرۆکی زانکۆ سکاڵاکەی کشاندووەتەوە، بەڵام دۆسیەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و بە کراوەیی ماوەتەوە، چونکە بە پێی ناوەڕۆکی ئەو ماددەیەی بەندەی پێ دەستگیرکرا، دەبێت دادگایی بکرێم تۆمەتەکە یەکلایی بکرێتەوەە”.

ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساغبکرێتەوە، ئەوکات دادوەر بڕیار دەدات چ جۆرە سزایەک دەدرێت، یاخود سزای ماددی دەکرێت، بڕیارە دوای پشووەکانی جەژن یەکەم دانیشتنی دادگا بەڕێوەبچێت.

بەپێی ماددەی دووی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، ئەوانەی تۆمەتیان بەسەردا ساغ ببێتەوە سزادەدرێن بە یەک لەم دووانە، بەندكردن كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵ پێبژاردن كە لە ملیۆنێك دينار كەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن زیاتر نەبێت.

پێداچوونەوە: فەرهاد حەسەن

مامۆستا ئوسامە ئەشرەف: بابەتی تەنز ئامێزم نوسیوە سەرۆک...

مامۆستا ئوسامە ئەشرەف: بابەتی تەنز ئامێزم نوسیوە سەرۆکی زانکۆ بەخۆی تێگەیشتووە