نەخۆشخانەی منداڵان وا دەڵێت

“لە سلێمانی زیادبوونی رێژەی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە ئاساییە”

964+

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی رایگەیاند، زیادبوونی رێژەی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە جێگەی مەترسی نییە و ئاساییە، چونکە ساڵانە لە وەرزی گەرمادا ئەو پەتایە بڵاودەبێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 10.6.2024، کۆیان زاهیر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەتای سکچوون و رشانەوە لە وەرزی گەرمادا و کۆکە و هەڵامەتیش لە وەرزی زستاندا بڵاودەبنەوە و جێگەی مەترسی نین.

وتیشی، “رێنمایی هاوڵاتیان دەکەین لە وەرزی گەرمادا خۆیان بپارێزن، خۆیان بەدوور بگرن لە خواردنی دەرەوە و لەکاتی گەشت و سەیران بە تەندروستی مامەڵە لەگەڵ ئاوی مەلەوانگە و کانییەکاندا بکەن”.

ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا لە کۆنتڕۆڵکردنی حاڵەتەکان و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنیان سەرکەوتوو بوون. وتیشی، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە پەتای کۆلێرا لە نەخۆشخانەکەیان تۆمار نەکراوە.

پێشتر دکتۆر کۆیان هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بە 964 وت، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، نەخۆشی سکچوون و رشانەوە لە ناو منداڵاندا بە رێژەی 50% زیادیکردوە.

نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لە مانگی رابردوودا 674 حاڵەتی سکچوون و رشانەوەی تۆمارکردووە، بەراورد بە مانگی پێشتر 143 منداڵ زیاتر تووشبوون.

نەخۆشی سکچوون و رشانەوە لە ناو منداڵاندا بڵاوبووتەوە

نەخۆشی سکچوون و رشانەوە لە ناو منداڵاندا بڵاوبووتەوە