لە هەرێمى کوردستان

خواستی زۆر لەسەر ژنە کرێکارانى ئیندۆنیزییە

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

ساڵانە ژمارەیەکی زۆری کرێکار و کارگوزاری بیانی لە هەردوو رەگەز بۆ کارکردن دێنە هەرێمی کوردستان، خواستی زۆریش لەسەر ژنانی ئیندۆنیزییە.

42 کۆمپانیا لە هەرێمى کوردستان کرێکارى بیانى دەهێنن بۆ کوردستان و ئەوان گرێبەستى کار لە نێوان کرێکارى بیانى و خاوەنکار ئەنجام دەدەن

فەرید عەلی، بەڕێوەبەری کاری هەولێر بە 964ـى وت،”حەوت لقى سەرەکى لە هەرێمى کوردستان هەیە کە 36 کۆمپانیا لە هەولێرن و تایبەتن بە هێنانى ژنانى کارگوزارى بیانى، ئەو کۆمپانیایانە رێکارەکانى هێنانیان لە وەزارەتى ناوخۆ بۆ کرێکار و کارگوزارەکان ئەنجام دەدەن”.

بە وتەى فەرید عەلى، خواستى زۆر لەسەر ژنانى ئیندۆنیزییە، بەشێوەیەک نرخەکەیان بۆ هەر ساڵێک 7 هەزار و 500 دۆلارە، لە دواى ئەوانیش کرێکارى ژنى نیپاڵى دێت کە نرخەکەیان حەوت هەزار دۆلارە، ئەفریقییەکان بە سێ هەزار و 500 دۆلار کەمتر خواستیان لەسەرە.

لە بارەى جیاوازى لە نرخەکاندا، فەرید عەلى هۆکارەکەى بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئیندۆنیزییەکان لە رووى ئایینى و وکولتوورییەوە زیاتر لەگەڵ ئایین و کولتوورى هەرێمى کوردستان گونجاوترن.

گرێبەستى ئەو ژنە کرێکارانە بۆ ماوەى دوو ساڵە، بۆیان هەیە تا شەش ساڵ نوێى بکەنەوە، لە هەندێ حاڵەتى دەگمەندا بە رەزامەندیى وەزارەتى ناوخۆ بۆ نۆ ساڵ گرێبەستەکانیان درێژ دەکرێتەوە.

وەک روونى کردەوە، لە حاڵەتى بوونى هەر جۆرە کێشەیەک لەگەڵ خاوەن ماڵ، کرێکار دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

پڕۆسەى پێدانى پێناس بۆ کرێکارانى بیانى دەستیپێکرد

پڕۆسەى پێدانى پێناس بۆ کرێکارانى بیانى دەستیپێکرد