زاخۆ

دەرمانی قاچاخ و نیسکی خراپبوو دەستیان بەسەردا گیرا

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

قایمقامییەتی زاخۆ بە بڕی دوو ملیون و 500 هەزار دینار دەرمانخانەیەکی سزادا و دەستی بەسەر 37 تۆن نیسکی خراپبوودا گرت.

لیژنەی تەندروستیی قایمقامییەتی زاخۆ ئەمڕۆ 9.6.2024 لە کاتی پشکنین و بەدواداچوونی کەرەستەی تەندروستی لە دەرمانخانەکانی زاخۆ، دەستیان گرت بەسەر بڕێک دەرمانی قاچاخ، کە رێگەپێدراونین لە بازاڕدا بفرۆشرێن.

محەمەد سەدیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامییەتی زاخۆ بە 964 وت، “دەرمانەکان بە رێگەی نایاسایی داخڵکرابوون و بە نایاساییش دەفرۆشران، دەرمانخانەکەمان سزادا و دەرمانەکانیشمان هەموو لەناوبرد، هۆشداریی توندیشمان بەو دەرمانخانە و چەندین دەرمانخانەی دیکەش داوە”.

لە ماوەی مانگێکدا ئەمە 12یەم حاڵەتی سزادانی دەرمانخانەکانە لە زاخۆ بەهۆی سەرپێچییەوە، کە رۆژانە لیژنەکانی قایمقامییەتی زاخۆ لە ناو بازاڕدا چاودێریی دۆخەکە بە گشتی و کەرەستەی خۆراک و تەندروستی بە تایبەتی دەکەن.

37 تۆن نیسك ده‌ستیبه‌سه‌ردا گیرا
هاوکات هەر ئەمڕۆ هەمان لیژنەی قایمقامییه‌ت، توانیان بە هاوکاریی بازگەی خۆرئاوا لە زاخۆ 37 تۆن نیسکی خرابوو ( بە کەڵکی خواردن نەدەهات) دەستی بەسەردا گیرا و بڕیاره‌ لەناو ببرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

11 ساڵە زیاتر لە سێ هەزار خاوەنپێداویستی زاخۆ چاوەڕێی م...

11 ساڵە زیاتر لە سێ هەزار خاوەنپێداویستی زاخۆ چاوەڕێی موچەن