ئەوانی دیکەش ئەوەنەی نەماوە

کارەبای 24 گوندەکەی گەرمیان تا ئێستا 14ـەی تەواو بووە

964+

توانا نەقی

کارکردن لە راکێشانی کارەبای 24 گوندەکەی گەرمیان بەردەوامە، بەمەش هیچ گوندێک لە گەرمیان نامێنێت کارەبای نیشتیمانی پێ نەگەیشتبێت و پرۆژەکە هەشت مانگە بەردەوامە و تا ئێستا 14 گوند تەواو بووە.

پرۆژەی گەیاندنی کارەبای نیشتیمانی بە 24 گوند لە گەرمیان، یەکێکە لە پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبا، بە گوژمەی سێ ملیار و 518 ملیۆن دینار، لە ماوەی ساڵێکدا لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتەکە ئەنجامدەدرێت.

لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، 42 گوند هەبوون کە کارەبای نیشتیمانیان پێ نەگەیشتبوو، بە تەواوبوونی ئەم 24 گوندە لەمساڵدا، هیچ گوندێک لە سنوری ئیدارەی گەرمیاندا نامێنێت بە بێ کارەبا.

ئالان ئەرکان محەمەد، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان، بە 964ـی وت، لەو ژمارە گوندە 14 گوندیان بە تەواوی ستوون و سیمیان بۆ راکێشراوە و کارکردن لەوانی دیکەشدا بەردەوامە.

وتیشی، دەبێت تا مانگی 10ـەی ئەماڵ تەواو ببێت پرۆژەکە، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار داوای درێژکردنەوەی ماوەکەی کردووە، لەبەر ئەوەی ئەمساڵ باران زۆر باریوە و رێگر بووە لە کارکردنیان بە شێوەیەکی بەردەوام، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا تا کۆتایی ساڵ کارەبای سەرجەم گوندەکان تەواو دەبن.

964 لە کارەبای گەرمیانەوە دەزانێت، ئەو گوندانە لەمەوبەر هەندێکیان حکومەت مۆلیدەی بۆ دابینکردبوون و بەشێکیشیان خۆیان دابینیانکردووە.

کارەبا دەگەیەنرێتە هەموو گوندەکانی گەرمیان

کارەبا دەگەیەنرێتە هەموو گوندەکانی گەرمیان