ئایا ده‌بێته سێیه‌م گوندى جیهان؟
كه‌ونه‌باك ئه‌و گونده‌ى هه‌رێمی كوردستان زۆرترین دووانه (جمك)ى تێدایه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
گوندى كه‌ونه‌باكی سه‌ر به قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌ش زۆرترین ژماره‌ى منداڵى دووانه (جمك)ى تێدایه، له ئیچستادا ژماره‌یان له 50 دانه نزیكده‌بێته‌وه به‌رده‌وامیش له‌و گونده له‌دایك ده‌بن.
یەکەمین دووانە کە خەڵکی گوندەکە بیریان بێت ساڵی 1965 لەدایکبوونە، دواهەمینیشیان نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا لەدایکبووه.
له‌سه‌ر ئاستى جیهان، بەپێی ئەوەی لە کتێبی گینیسی پێوانەیدا تۆمارکراوە، گوندێکی هیندستانن له پله‌ى یه‌كه‌مدایه بۆ دووانه‌كان كه 500 دانه‌ى هه‌یه، له‌دواى ئه‌ویش گوندێکى پارێزگای ئیسماعیلیەی میسره ، بەڵام هێشتا نەزانراوە کەونەباک لە کوێی ریزبەندییەکەدایە و دبێته سێیه‌م گوندى جیهان؟
وه‌ك باسده‌كرێت، له دێر زه‌مانه‌وه بنه‌ماڵه ره‌سه‌نه‌كانى ئه‌م گونده له ناوچه‌كانى دۆڵى ئاكۆیانى سنوورى قه‌زاى رواندز كۆچیان بۆ ئه‌م گونده كردووه و ئاوه‌دانیان كردووه‌ته‌وه، هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه ره‌سه‌نه‌ى ئه‌م گونده‌شن كه منداڵى دوانه‌یان ده‌بێت.
964 یه‌كه‌مین له‌دایكبووى دووانه‌كانى ئه‌م گونده‌ى له به‌رده‌ڕه‌ش دۆزییه‌وه، ناوى حیكمه‌ت به‌هجه‌ت سه‌لیمه، حیكمه‌ت له‌گه‌ڵ خوشكێكی یه‌كه‌مین دووانه‌ى ئه‌م گونده‌ن كه له ساڵى 1965 له گونده‌كه‌یان له‌دایكبوونه، به‌ڵام خوشكه‌كه‌ى به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر گیانى له‌ده‌ستداوه و ئێستا حیكمه‌ت هه‌ر خۆى سه‌رقافڵه‌ى ئه‌و مێژووه‌ى گرتووه‌ته ده‌ست كه گونده‌كه‌یان له‌باره‌ى بابه‌تى زۆرترین دووانه هه‌یانه.